لە دەستپێکی سەردانەکەیدا قوباد تاڵەبانی، بەردی بناغەی پارکی"بەردی بناغە"ی لە هەواری زانکۆی کۆیە دانا کە بەبۆنەی یادی ٢٣ ساڵەی دامەزراندنی زانکۆکە بە هاوکاری دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال دروست دەکرێت.
دواتر جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ سەرۆک و ئەنجومەنی زانکۆکە کۆبووەوە. سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی قوباد تاڵەبانیان کرد بۆ پێشخستنی زانکۆکە و بە تایبەتیش کە لەم دوایانەدا پاسی کارەبایی بۆ زانکۆ دابین کردوە.
قوباد تاڵەبانیش لە کۆبوونەوەکەدا دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەوەی هەر کاتێک سەردانی زانکۆی کۆیە دەکات گۆڕانکاری و پێشکەوتنی نوێ دەبینێت. دەستخۆشیشی لە سەرۆکایەتی زانکۆ و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکە کرد بۆ داهێنان و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ خزمەتکردنی ژینگە. داواشیکرد ئەو پڕۆژانەی هەیانە لە بوارەکانی ریسایکلین و بەکارهێنانی وزەی پاک و دابینکردنی کارەبا لە وزەی خۆر، زیاتر پەرەی پێ بدەن بۆ ئەوەی لە شارەکانی دیکەی کوردستان و عێراق سوودی لێ وەربگیرێت.
بەڵێنیشی پێدان بۆ لەمەودواش پشتیوانی هەموو هەوڵێک دەکات بۆ پێشخستنی زیاتری زانکۆی کۆیە، بە تایبەتیش پشتگیری لە پڕۆژە داهێنەرانەکانیان دەکات.