بە بەشداری سەرۆک بافڵ دیداری مێری 2026 بەڕێوەدەچێت

کوردستان 10:22 AM - 2026/10/11

بە بەشداری سەرۆک بافڵ دیداری مێری 2026 بەڕێوەدەچێت

سبەینێ‌ كارەكانی كۆڕبەندی ساڵانەی دیداری مێری 2026،لەژێر چاودێری ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە مێری دەستپێبكات، كە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا ژمارەیەكی بەرچاو لە سەركردە سیاسییەكان، باڵیۆزانی بیانی، و پسپۆڕانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشدار دەبن بۆ تاوتێكردنی ئایندەی سیاسی و ئاسایشی ناوچەكە.بەپێی بەرنامەی رەسمی دیدارەكە، رۆژی یەكەم بە وتەیەكی دلاوەر عەلائەدین، سەرۆكی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە دەستپێدەكات، و تێیدا شەش پانێڵی گرنگ بەڕێوەدەچن و تیشك دەخرێتە سەر حوكمڕانی لە عیراق و ستراتیژی نوێی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا. هاوكات لە یەكێك لە پانێڵە سەرەكییەكاندا كە لە سەعات 11و 20 دەقیقەی بەیانی بەڕێوەدەچێت، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ سەرهەنگ حەمەسەعید، پسپۆڕی دیالۆگ و بنیاتنانی ئاشتی، پێكەوە بەشدار دەبن لە پانێڵێكدا بە ناونیشانی بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێزتر: یەكگرتن، ئاسایش و هاوبەشی ناوچەیی. هاوكات دیدارەكە رۆژی سێ‌ شەممەش بەردەوام دەبێت و زنجیرەیەك پانێڵی تر بەرێوەدەچن كە تێیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەشداری دەكات لە پانێڵیكدا بە ناونیشانی كوردستان لە خاڵی وەرچەرخاندا: ئاسایش و فیدرالیزم و پەیمانێكی سیاسی نوێ.
دیداری مێری چالاكیی ساڵانەی سەرەكی پەیمانگاكەیە، كە داڕێژەرانی سیاسەتی ناوخۆیی، نیشتمانی و نێودەوڵەتی، ئەكادیمیستەكان، سەركردەكانی بۆچوون، چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان و دیپلۆماتكاران كۆدەكاتەوە. سەكۆیەك بۆ مشتومڕكردن لەسەر زەختترین پرسەكان كە كاریگەرییان لەسەر ناوچەكە هەیە و پێشكەشكردنی چارەسەری پراكتیكی بۆ بڕیاردەران دابین دەكات. ئامانجی كۆتایی كۆڕبەندەكە بریتییە لە پێشخستنی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەر و بەشداریكردنی گشتگیر و وەبەرهێنانی هاوبەش لە داهاتوودا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو