بانكی نێودەوڵەتی پێشبینیی پاشەكشەیەكی قووڵ بۆ ئابووریی عیراق بە رێژەی سەدا 12 پۆینت 4 لە ساڵی 2026ـدا دەكات، كە بەرزترین ئاستی پاشەكشەی ئابووریی وڵاتەكەیە لە ماوەی 20 سالی ڕابردوودا.
ئەم پاشەكشە بەهێزەی ئابووریی عیراق لە كاتێكدایە وڵاتەكە لەژێر فشارێكی سەختی دارایی و دابەزینی داهاتی نەوتدایە. هاوكات گرژییە هەرێمییەكان و لێكەوتەكانی شەڕی ئێران هێندەی دیكە دۆخی بەغدایان لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی دارایی و سەقامگیریی بازاڕ ئاڵۆز كردووە.
بەپێی ئامارەكانی بانكی نێودەوڵەتی، كە تۆڕی بلومبێرگ بڵاوی كردووەتەوە، ئابووریی عیراق لە ساڵی 2026دا ڕووبەڕووی پاشەكشەیەكی بەرچاو دەبێتەوە بە ڕێژەی سەدا 12 پۆینت 4، ئەمەش ئاستی پاشەكشەكەی زیاتر دەكات لەو داڕمانەی لە ساڵی 2020 لە سەردەمی كەرەنتینە و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنادا تۆمار كرا، كاتێك ئابووریی عێراق بە رێژەی سەدا 12 پاشەكشەی كردبوو.
ئامارەكان دەریدەخەن ئەو دابەزینەی ئەمساڵ لە دوای داڕمانە گەورەكەی ساڵی 2003ـەوە كە لە كاتی جەنگدا گەیشتە سەدا 36 پۆینت 7، بە خراپترین ئاستی ئابووریی عیراق دادەنرێت. ئەوەش لە كاتێكدایە وڵاتەكە لە قۆناغەكانی پێشوودا چەندین بازدانی تۆمار كردبوو، لەوانە لە ساڵی 2008 گەشەی ئابووری گەیشتە سەدا 8 پۆینت 2، وە لە ساڵی 2011ـشدا گەیشتە سەدا 7 پۆینت 5.