یاریدەدەری بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دانەوێڵەی سەڵاحەدین بەهۆی وەرگرتنی بەرتیلەوە دەستگیركرا

کوردستان 11:33 AM - 2026/10/04

یاریدەدەری بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دانەوێڵەی لە پارێزگای سەڵاحەدین بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە جووتیاران لە بەرامبەر بەبازاڕكردنی بەروبوومەكانیان دەستگیركرا.

لەوبارەیەوە دەستەی دەستپاكی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئۆپراسیۆنی دەستگیركردنەكە لەلایەن تیمێكی لێكۆڵەران و كارمەندانی فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی سەڵاحەدین ئەنجامدراوە دوای ئەو زانیاریانەی لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری پارێزگارەوە دەستیان كەوتووە، كە ئاشكرایكردووە تۆمەتبار  بەرتیلی لە جووتیاران وەرگرتووە  لەبەرامبەر ئاسانكاریكردن بۆ وەرگرتنی بەرهەمەكانیان. لەلێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە كە تۆمەتبار بە ئەنقەست دەستكاری پۆلێنكردنی كوالیتی گەنمەكەی كردووە و بڕی كوالێتی كەمتری قبوڵكردووە كە پیسی تێدابووە.

هەروەها لەدانپێدانانەكاندا تۆمەتبار  دانی بەوەدا ناوە كە بڕە پارەیەكی وەرگرتووە دوای ئەوەی لەگەڵ ژمارەیەك جووتیار ڕێككەوتوون بۆ بەبازاڕكردنی گەنمەكانیان و گۆڕینی جۆرەكانیان .
لەبەر ڕۆشنایی ئەو لێكۆڵینەوەو دانپێدانانە تۆماركراوەكان، دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی سەڵاحەدین كە پسپۆڕە لەدۆسیەكانی دەستپاكی، بڕیاری ڕاگرتنی تۆمەتبارەكەی دەركرد بەپێی بڕگەكانی ماددەی (307) لەیاسای سزادانی عیراقی بۆ تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكانی دژی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو