عیراق دوو ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ دەرەوەی گەرووی هورمز دەگوازێتەوە

عیراق 10:09 AM - 2026/10/04

كۆمپانیای نەوتهەڵگرەكانی عیراق دەڵێت، بۆ یەكەمجار لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا، پرۆسەی گواستنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عیراقی لەڕێگەی نەوتهەڵگرێكی گەورەوە بۆ  دەرەوەی گەرووی هورمز ئەنجامداوە.ئەمەش لە كاتێكدایە وەزیری نەوتی عیراق  هەوڵی زیادكردنی  هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەدات.
عەلی قەیس بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتهەڵگرەكانی عیراق راگەیاندووە: لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیرانی عیراق  و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی وەزیری نەوت، بۆ یەكەمجار لە دوای چەندین دەیە، ئەركی گواستنەوەی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو و پەڕینەوە پێی بەرەو دەرەوەی گەرووی هورمز بە كۆمپانیاكەیان سپێردرا.

بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێكە لە میكانیزمی فرۆشتنی بەشێك لە نەوتی عیراق، بە شێوەیەك كە لە سیستمی رتەسلیمكردن لە بەندەرەكانی بەسرەوە دەگۆڕێت بۆ گواستنەوە و فرۆشتنی لە دەرەوەی گەرووی  هورمز.عەلی قەیس روونیكردەوە كە دوای چەندین گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیا پسپۆڕە نێودەوڵەتییەكان، بۆ یەكەمجار توانیویانە نەوتهەڵگرێكی گەورە دابین بكەن، كە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عیراقی تێدا باركراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەرەوەی گەرووی هورمز.

بە وتەی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە، ئەم رێكارە دەرفەتێكی زێڕین بۆ كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) دەرەخسێنێت، تا سوود لە هەلی بازاڕ و نرخی باشتر بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو وەربگرێت.سەبارەت بە بەهێزكردنی ژێرخانی كەشتیگەلی عیراق، عەلی قەیس رایگەیاندووە،رێنمایی بەردەوام هەیە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بە مەبەستی دۆزینەوەی دەرفەتی گونجاو لە زووترین كاتدا، تا عیراق بتوانێت نەوتهەڵگری تایبەت بە گواستنەوەی نەوتی خاو بكڕێت و ببێتە خاوەنیان.دەشڵێت، ئامانج لەم هەنگاوە، پەرەپێدانی تواناكانی كۆمپانیای نەوتهەڵگری عێراقییە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئاستی ناوچەكەدا كێبڕكێ لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی بواری گواستنەوەی وزەدا بكات.

ئەمەش لە كاتێكدایە باسم محەممەد وەزیری نەوتی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، لە سەردانەكەیدا بۆ توركیا لەگەڵ وەزیری وزەی ئەو وڵاتە تاوتوێی رەشنووسی رێككەوتننامەی نێوان هەردوو وڵاتیان كردووە بۆ هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە،پرسی زیادكردنی توانای هەناردەكردن تەوەرێكی سەرەكیی گفتوگۆكانیان بووە.وەزیری نەوتی عیراق باسی لەوە شكردووە، دوو لیژنەی تەكنیكیی هاوبەش پێكهێنراون، لیژنەی یەكەم تایبەتە بە وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكان و لێژنەی دووەمیش بۆ پەرەپێدان و دروستكردنی ژێرخانی دامەزراوە نەوتییەكان تەرخانكراوە.

هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كێڵگەكانی كەركووك لە رێگەی بۆریی نەوتی عیراق - توركیا بۆ بەندەری جەیهان، لە 25ی ئاداری 2023ەوە بە بڕیارێكی دادگەی پاریس راگیرا و لە ئەیلوولی 2025دا هەناردەكردن دەستی پێكردەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو