بڕیارە ئەمڕۆ یەك شەممە ئامادەكارییەكانی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تەواو ببن و سبەینێ رۆژی دووشەممە تەسلیمی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بكرێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە گەلی كوردستانی راگەیاند،ئەمڕۆ ئامادەكارییەكانی لیستی مووچە بە تەواوی كۆتاییان دێت و ئێوارەی ئەمڕۆش لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئاب لەلایەن وەفدێكی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بەرەو بەغداد بەڕێدەكرێت.بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە،سبەینێ رۆژی دووشەممە لیستەكە بە تەسلیمی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەكرێت.سەبارەت بە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی لیستەكە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە كرد: ئەم مانگە بەهۆی پشووەكان و هەندێك رێكاری یەكخستنەوەی بانكەكان و چەند كارێكی تەكنیكییەوە، ناردنی لیستی مووچە كەمێك دواكەوت.
ئەمە لەكاتێكدایە، لە رۆژی 23ی ئەیلوولەوە وەزارەتی دارایی عیراق دەستی بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی كردووە، كە بەراورد بە مانگەكانی ئاب و تەممووز، دابەشكردنی مووچە لە بەغداد زووتر دەستیپێكردووە.
مانگی رابردوو، لیستی مووچەی مانگی ئاب و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی تەممووز لە 23ی ئاب رەوانەی بەغداد كران. دواتر لە 14ی ئەیلوول وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان خشتەی مووچەی مانگی ئابی راگەیاند، لە 15ی مانگ دەست بە دابەشكردنی كرا و لە 19ی ئەیلوولیشدا پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان كۆتایی هات.