بەغداد داوای ناردنی وەفدی هەرێم دەكات

کوردستان 09:50 AM - 2026/10/04

حكومەتی فیدراڵ داوای ناردنی وەفدی  تەكنیكیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ تاوتوێكردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2027 و جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان بەپێی پێوەرە نوێیەكانی سەرژمێری.

 ئەم وەفدە لە كۆتایی مانگی ئەیلوولەوە زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتەكانی دارایی، پلاندانان، و نەوتی عیراق دەستپێكردووە. ئامانجی سەرەكی بەغداد لەم داواكارییە، گفتوگۆكردنە لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش هەرێم، ئامادەكاریی كردووە بۆ ئەوەی وەفدێكی  بچێتەوە بۆ بەغداد و لەگەڵ چەندین لێپرسراوی كوردیش لە حكومەتی عیراق گفتوگۆ كراوە، تا پشتیوانی لە داواكارییە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن لەناو بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی 2027ی عیراق.

بەپێی زانیارییەكان، وەفدی  باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمان وەفدی  پێشتری  دەبێت. كە لەماوەی رابردوو، وەفدەكە سەردانی بەغدادیان كرد و لەگەڵ وەزیری نەوت و دارایی و پلاندانان و لێپرسراوانی تر  كۆبوونەتەوە.

پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە بودجەی عیراق بە سەدا12 پۆینت 70  دانراوە، لە كاتێكدا بەپێی دوایین سەرژمێریی گشتیی عیراق، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان  سەدا 14 پۆینت  14.14 بووە و هەرێمی كوردستان دەیەوێت ئەو ڕێژەیە جێگیر بكرێت.هەرێمی كوردستان داوایكردووە لە بودجەی سیادی عیراق پشكی هەبێت ، بەڵام بەغداد بودجەی سیادی لە بودجەی گشتیی دەردەكات، پاشان پشكی هەرێمی كوردستان دیاریدەكات، ئەوەش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەبێت.ئاڵنگارییەكی تر كە ڕووبەڕووی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، خەرجیی ڕاستەقینەیە كە بووەتە هۆكارێكی تر بۆ كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان.لە دۆسییەی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنی سێ قۆڵیی وەزارەتی نەوتی عیراق و سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان هەیە. ئەو ڕێككەوتنە پێویستی بە هەمواركردنەوەیە تا گلدانەوەی نەوتی خاو بۆ هەرێمی كوردستان لە 50  هەزار بەرمیل رۆژانە زیاد بكرێت و شایستەی دارایی كۆمپانیاكانیی نەوتیش جێگیر بكرێت.

پڕۆژە بودجەی گشتیی عیراق  ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراقە و بڕیارە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت.پڕۆژە بودجەی گشتیی 2027ی عیراق گوژمەكەی بە 200 تا 240  ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و هەرێمی كوردستان داوای نزیكەی 29  تریلیۆن دیناری كردووە بۆ مووچە و پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و داوای دامەزراندن و بە هەمیشەییكردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەستیشی كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو