لە قەزای بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆك، بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی بەرچاو، نۆیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، سكرتێری گشتیی كۆچكردووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكەمین سەرۆك كۆماری كوردی عیراق، لە ڕێوڕەسمێكی شایستە و شكۆداردا بەرز راگیرا.
لە رێوڕەسمەكەدا، ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامان، هەڤاڵان، كادیارن و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئامادە بوون. بەشداربووان لە ڕێگەی پێشكەشكردنی چەندین وتار و لێدوانی جیاوازەوە، خەم و پەژارەی قووڵی خۆیان بۆ ئەم یادە غەمناكە دەربڕی و تەئكیدیان لەسەر درێژەدان بە رێباز و سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال كردەوە. ئامادەبووان ئاماژەیان بەوە دا كە سەرۆك مام جەلال هەمیشە وەك چەتری كۆكەرەوەی نەتەوەیی و رابەری ئاشتی لە مێژووی كوردستان و عیراقدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.