بۆ یادی سەرۆک مام..
شانازی ئەوەیە مرۆڤ دوای مەرگیشی یادی بەزیندوێتی بمینێتەوە و كارنامەو كاریگەرەییە ئەرێنیەكانی رێنمایكەربن، مام جەلال بە وتەی دۆست و نەیاری لەو كەسایەتیانەیە كە دوای ماڵئاوایشی هێشتا لەناو ماڵی دڵماندا زیندوە، بیرەوەریەكانی لەفزە شیرن و داناییەكانی ، ئاشتیخوازی و بروابوونی بەئازادی و هەستی نەتەوایەتی لەویژدانی هەركەسێكدایە كە ئەم سەركردەیەی ناسیبێت، ئاخر مام جەلال لەبەر ئەوە سەركردە نەبوو كە كوری كێیەو لە چبنەماڵەیەكە، بەڵكو ئەو خۆی بە ئاكارەكانی ببوە ئەو مام جەلالەی لەسەر ئاستی ناوخۆو هەرێمایەتی و تەنانەت جیهانیش بوەكەسایەتیەكی دیارو ناودار.
پێش (٩)نۆ ساڵ ،ئەمڕۆ (٣-١٠) شەوەکەی لەساتەکانی دوا ماڵئاوایدا بە پەژارەییەوە، لەبەردەم ئەم کۆستە دڵتەزێن و کەمەرشکێنە بوین. ئەم كۆستە خەمباری بۆ هەر چوار بەشی كوردستان بوو، چونكە مام قاچێكی لەرۆژئاواو باڵیكی لە باكور و چاوێكی لە ڕۆژهەڵات بوو، ئیتر ژیان ئاوایە كاتێك هەیە بۆ ماڵئاوایی، ئێمە بەو خەمە گەورەیەوە ماڵئاوایمان لە مامی ئازیز كرد.
مام جەلال سەركردەیەكی نمونەیی و پێشمەرگەیەكی خاکی بو..
زۆر چیرۆك و بەسەرهاتی قۆناغی پێشمەرگایەتی هەیە كەتائێستا لەناو هەڤاڵاندا دەماو دەم دەیگێڕنەوە، مام جەلال لەهەرمەجلیسێكدا حزوری هەبوایە، هەمیشە دەم بەخەندەو گەشبینییەوە باسی ڕووداوەكانی دەكرد، بەوردیی و زیرەكییەكی بێ وێنەوە پێشبینی دەكرد و چارەسەری كێشەكانیشی دەستنیشان دەكرد، كەم جار هەبووە لەكۆبوونەوەیەكدا بەشداری كردبێت و بێ چارەسەر كۆبونەوەكەی بەجێهێشتبێت، ئەو سەرباری ئەو توانایەیی لەدنیای سیاسەت هەیبوو، مێژوو ناسێكی باش و شارەزای فەرمودەو ئایەتە پیرۆزەكانی قورئانیش بوو، بۆیە كەم جار پەكی دەكەوت لەهێنانەوەی نمونە و پاشخانێكی گەورەی هەبوو لە چیرۆكە میللییەكان. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خاوەن دڵ و دەرونێكی پاك بوو كە جێگای ڕق و کینەی تیانەدەبووە، بەلەفزی شیرن لەگەڵ دەوروپشتی دەدوا، تەنانەت لەكاتی لێپرسینەوەشدا بەجۆرێك مامەڵەی دەكرد تا كەسایەتی كەسی بەرامبەر نەشكێت و هەست بەوەبكات هەڵەكان ڕاستدەكرێتەوە.
بەندە كەشانسی ئەوەم هەبوو بۆ ساڵانێك لەنزیكەوە لەخزمەتیابم، دەمبینی كەشەوانە زۆر بەكەمی دەخەوت، زۆر چاودێری هەواڵ و زانیارییەكانی دنیای دەكرد، كەچی سەرباری ئەوەش خەمی قوڵی خانوەقورەكان و هەژاران بوو، هەركاتێك باسی توێژی هەژاران و خەڵکی لێقەوماوانی دەكرد واهەستم دەكرد ئەو وشانە لەڕۆحیەوە دەرچن و زارەكی نین، هەركات باسی پرسی دیموكراتی، ژنان، نەتەوەو مافی كوردی دەكرد.. دەمزانی ئەو دەربرینانە لەناو ویژدانیەوە دێنەدەرەوە و دەبنە وشە و ئەویش دەیویست بیانكاتە كردار.
مامەگیان ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر سەفەرەکەتان تێدەپەڕێ. یادگاریەکانت زۆرن . ئارشیفەکەم چ لە ٣ سێ ساڵی تاران .وە چلە ١٧ حەڤدە ساڵی ئەنکەرە، پڕن لە هەڵوێستی ئازایانەو جوامێری جەنابتان . ئارشیفەکەم دەوڵەمەندە لە جەسوری ودڵسۆزی جەنابتان و شاهێدی و لێهاتوی ئەو بڕوایەت دەردەخات كە ویست و هەوڵەکانت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سیاسی کورد لە تورکیا و لە ئیران خستە گەر . بەندە شاهێدم و هەمویم تۆمارکردوە، نهێنیەکانی لەپێناوی بون و سەركەوتنی کورد لە تورکیاو لەئیران بەهیوام هەموی بكەمە کتێب و بڵاویان بكەمەوە، بەڵێ دەکرێ ڕێنوماییەکانت بکرێنە ڕێنیشاندەربۆ بینینی چارەنوس و دوا رۆژی نەتەوەکەمان .چونكە پڕن لەهونەری سیاسەتكردن و ئیرادە بەرزی.
بەسەرهاتێكی خۆشی پرمانا
دوایی شەڕی ناوخۆ، لەنێوان پارتی و یەکێتی زۆر كەس و لایەن و تەنانەت دەوڵەتیش هەوڵیاندا ئاشتی دروست بێت. دواجار نزیكبوونەوە دروست بوو.
مام بۆ هێوركردنەوەی ناوخۆی یەكێتی دەستیکرد بە ئەنجامدانی کۆبونەوەی فراوان لەگەل هەموو مەڵبەندو کۆمیتەکان، لەیەکێ لەم کۆبونەوانە کەلە دوکان مام بە کادرو فەرماندەکانی سنوری باڵەک و سۆران وسنوری مەڵبەندی سۆرانی کرد لە هۆڵی شەهید عەلی عەسکەری بو له دوكان، بەندەش لەم کۆبونەوەیەدا شەرەفی بەشداربونم بەرکەوت.
مام زۆر زۆر پەرۆشی ئاشتی و سەرکەوتنی پرۆسەکەو چونە پێشەوەی بو . خۆی دەیوست باسی وەزعەکەو مەترسیەکانی بارو دۆخەکە بۆ کادرەکان بکات و بۆیان شیبکاتەوە، بۆ راگەیاندنەكان ڕێنمایی وردو پێی وتن كە ئاگاتان لە زمانی زبر بێت، داواتان لێدەکەم بەهیچ شێوەیەک ئیستیفزازی پارتی نەکەن كەس كای كۆن بەبا نەكات، وتی هەرکەسێک وانەكات ،بەتوندی موحاسەبەی دەکەم، چونکە بە جدی مام زۆر پەرۆشی ئاشتییەکە بو .وە نەیدەویست شەڕی ناوخۆ جارێکی تر دوبارە بێتەوە . مام کە تەوابو لە قسەکانی و وتی کێ پرسیاری هەیە، هەندێ دەستیان بەرزکردەوەو پرسیاری خۆیان کردو مام جوابی دەدانەوە . لەپڕکادرێکی باڵەک زۆر قسەخۆشبوبەداخەوە ناویم لە بیر نەماوە و دەستی بەرزکردوە وتی مام پرسیارم هەیە، وتی فەرمو :
بەشێوە دەربرینی خۆیان وتی قوربان ئەرزن چو .ماڵن هەموی ڕۆیشت .. تاڵانکراین . سەروەت و سامانن چو وەهیچمان نەما، مام قسەكەی پێ بڕی و وتی لەکوێ لە کوێ؟ کادرەکە وتی قوربان لە کوێ لە باڵەکایەتی، مام وتی ئێ کەی و چۆن؟ کادیرە کە هەرچەندی دەکرد نەیدەوێرا قسەبکات و تەماشای ئەملاو ئەولای خۆی دەکردو هەرچەندی دەکرد نەیدەوێرا ناوی ٣١ی ئاب بێنی نەبادا سزابدرێت، مام توڕەبو لێی ،وتی دەپێم بڵێ کەی ؟ وتی وەڵلە قوربان چت لێبشێرمەوە لە ٤١ی ئاب … وەللە بوە پێکەنین و ئیتر دوایی ٤١ی ئاب بوە زاراوەیەک بۆ پێکەنین..
مام جەلال ئەو سەركردەیە بوو وەك حاجی قادری کۆیی دەڵێ :
مردن و ژین میسلی سێبەرو تاوە
ئەوەی باقی بمێنێ هەرناوە
جەنابیشتان ناوێکی گەورەو مێژوویەکی پڕ لە شانازیتان ، بۆ هەموان جێهێشتووە. ڕۆحت شادو ئارام مام جەلال گیان ،بیرت دەکەین و یادو یادەوەریتان بەخێر.
خوێندکارە بەوەفاو دڵسۆزەکەتان .
بەهرۆز گەڵاڵی
٣-١٠-٢٠٢٦
سلێمانی