شێخ جەعفەر شێخ مستەفا خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەش بە مامۆستا جەلیل زەنگەنەو ستافی درامای گەردەلوول کرد

کوردستان 03:56 PM - 2026/10/03

ئەمڕۆ شەممە 3ی تەشرینی یەکەمی 2026، لەرێوڕەسمێکدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن، خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەش بە مامۆستا جەلیل زەنگەنە دەرهێنەری ناسراوی کورد و بەشێک لە ستافی زنجیرە درامای گەردەلوول کرد.

لەو رێوڕەسمەدا کە هەریەک لە هەڤاڵان مامۆستا جوامێر و مامۆستا جەلال شێخ کەریم و جوتیار نوری ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە وتەیەکدا، ستایشی رۆڵی دیاری مامۆستا جەلیل زەنگەنەو هونەرمەندانی بەشدابوو لە زنجیرە درامای گەردەلول کرد کە لەڕێی دراماوە بەشێک لە مێژووی پرشنگداری گەلی کوردستان و شۆڕشی نوێییان خستووەتە بەردیدەی نەوەی نوێی کۆمەڵگەی کوردەواری، تا هەمیشە لەبیریان بێت کە کورد بە چ قوربانی و ئازارو مەینەتییەک توانیویەتی بەشێکی گرنگ لە مافە زەوتکراوەکانی لە باشووری کوردستان بەدەستبهێنێت.
هاوکات ئاماژەی بە رۆڵی بەرچاوی هونەر کرد لە پێشخستنی میللەتان و بەدیهێنانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بەپێویستیشی زانی هەمیشە پاڵپشتی لە هونەرمەندان بکرێت.

پاشان، مامۆستا جەلیل زەنگەنە بەناوی ستافەکەیەوە سوپاسی هەڤاڵ شێخ جەعفەر-ی کرد کە هەردەم لە خەمی هونەر و هونەرمەندانادایە و بەردەوام پشیوانیان لێدەکات و بەڵێنی دووپاتکردەوە کە بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی هونەری کوردی و درێژەدان بە بەشەکانی تری درامای گەردەلوول.
لەکۆتایی رێوڕەسمەکەشدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی ئەنجومەن، خەڵاتی رێزلێنانیان پێشکەش بە هونەرمەندان کرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو