بۆ ساڵیادی ژیانئاوایی مام

کوردستان 10:44 AM - 2026/10/03

بۆ ساڵیادی ژیانئاوایی مام 

                            صالح عوسمان 
هەموو ساڵێ
ئۆکتۆبەر لە سێیەم رۆژیا
جلێکی قەترانی لەبەر دەکاو
خەزەڵوەڕیش
لە سیانزە رۆژەی گەڵاڕێزان
گەڵاکانی هەڵدەوەرێ..
 
ساڵیادەو
هەموو ساڵی ئۆکتۆبەر
لە ڕۆژی سێی دە
وەکو سێلکە
جەرگ و دڵ و ڕۆحم دەبڕێ
 
ساڵیادەو
هەر لە سێیەم رۆژی ئۆکتۆبەردا
خەیاڵ دەمباتەوە (کەلکان)*
لە ئامێزی چیای کۆسرەت
کاتێ هەڵۆیەک دێتە ژیان
لە خەبات و خانەوادە
ناوی (مام)
لە نەسرەوتن تا سەرکەوتن
لە چەمی ڕێزانەوە بۆ (شام)
لە شامەوە بۆ قەندیل
هەر نەسرەوت تا
تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا
تا لە بەغدای ئازادا
وەک سەرۆک کۆمارێکی کورد
بەڕاوێژو تەکبیری ورد
بوو بەهەوێنی برایەتی
چەپکە گوڵی دیموکراسی
وەک چەتری سەری سێ برا
نازناوی سەمامی ئەمانی لێ نرا
ساڵیادەو
لەدوای خەزانی وڵات
حیکایەتی مێژووی خەبات
هەر باسی شۆڕەسواری تۆیە
شین و شادی گەل و وڵات
هەر بۆ تۆیە.. 
هەر بێ تۆیە..
زەمەن دەکا لۆمەی تەمەن
هەڵۆی قەندیل لە بەغداوە
بۆ ژیانئاوا
بەرەو دەباشان دێتەوە
تا لەژێر دار سنەوبەرێ
ماندوی بحەسێتەوە 
لەباوەشی گۆیژەو ئەزمڕ
مێژوو بنوسێتەوە..
 
ساڵیادەو
هەموو ساڵێ
لە سیانزەی خەزەڵوەڕو گەڵاڕێزان
لەناو پۆلە سنەوبەرێکی هەمیشە سەوزی
گردی سەرفرازی دەباشان
هەزاران دڵ و ڕۆحی نەتەوە
بەهەزاران چەپکە گوڵی گەشەوە
دەکەن یادت..
دڵیان بەمێژووت شادە
لەیاد ناچیت تاکو ماوی
هەمیشە تۆیان لەیادە..
 ~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
* کەلکان: شوێنی لەدایک بوونی مام

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو