نۆ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردە و بیرمهند و سیمبولی نەتەوەیی”مام جەلال تاڵەبانی” تێدەپەڕێت، بەڵام یاد و هزر و کاریگەریی مام هەمیشە لە دڵی گەلەکەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
مام جەلال تەنها سەرۆکێک نەبوو، بەڵکو قوتابخانەیەکی گەورەی سەرکردایەتی، دیپلۆماسی و پێکەوەژیان بوو. ئەو بە حیکمەت و ستراتیژییە ناوازەکەی توانی ناسنامەی گهلهكهمان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەرز ڕابگرێت و ببێتە چەترێک بۆ کۆکەرەوەی تەواوی لایەن و پێکهاتە جیاوازەکان.
ئەمڕۆ کە یادی ئەم سەرکردە باڵایه دەکەینەوە، نەک هەر تەنها خەمباریی خۆمان بۆ لەدەستدانی دەردەبڕین، بەڵکو پەیمانی وەفاداری بۆ ڕێبازە نیشتمانییەکەی نوێ دەکەینەوە. هەمیشە وەک هێمایەکی درەوشاوەی ئاشتی، تەبایی و خەبات لە مێژووی کوردستان و عێراقدا دەمێنێتەوە.
وەفاداریی ڕاستەقینەی ئێمە له یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ڕێبازی پیرۆزی سەرۆک مام جەلال، لە چەسپاندنی کرداریی ئەو بنەما نیشتمانی و مرۆییانەدایە کە ئەو تەمەنی خۆی بۆ بەخشین؛ ئەوەش لە ڕێگەی پاراستنی یەکڕیزیی نەتەوەیی، زیندووکردنەوەی فەلسەفەی حەکیمانەی چەپکە گوڵەکە بۆ پێکەوەژیانی سەرجەم دەنگ و پێکهاتە جیاوازەکان، تەرخانکردنی تەواوی تواناکان بۆ خزمەتکردنی ڕاستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
ئێمە بە بەردەوامبوون لەسەر خەباتی دیموکراسی و داکۆکیکردنی بێوچان لە مافە دەستوورییەکانمان لە بەغدا، سەلمێنەری ئەو پەیمانە دەبین کە یەکێتی وەک هێزێکی نیشتمانی و پێشەنگ لەسەر ڕێچکە سەرکردایەتییەکەی سەرۆک مام جەلال درێژەپێدەری کاروانەکە دەبێت.
یادی سەرۆک مام جەلال هەمیشە بەرز و شکۆدار بێت و ڕۆحی شاد بێت.
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ
ئەندامی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان