دەستەی دەستپاكی: دەستبەسەر زیاتر لە 5 كیلۆ زێڕی لێپرسراوێكی سەڵاحەدیندا گیرا دەستەی دەستپاكی عیراق رایگەیاند، بەردەوامن لە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكانیان لە دۆسیەی زیادبوونی سامانی گوماناوی و دەستكەوتی نایاسایی یاریدەدەری بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی پارێزگای سەڵاحەدین،كە ئێستا راگیراوە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 5 كیلۆگرام زێڕدا گرتوە.
ئەفراح عەبدولرەزا شەمەری، ناسراو بە دایكی عەبدوڵا، یاریدەری بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی تكریت بووە لە پارێزگای سەلاحەدین، رۆژی 26ی ئابی 2026 لەگەڵ هاوسەرەكەی دەستگیركران .دەستەی دەستپاكی فیدراڵیی عیراق، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەم دۆسیەیەدا بەدەست گەیشتوون، تیمێكی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی سەڵاحەدین، دوای وەرگرتنی دانپێدانانی هاوسەری تۆمەتبارەكە، توانیویانە شوێنی ئەو زێڕانە بدۆزنەوە كە لەلایەن خوشكی تۆمەتبارەكەوە لە ماڵەكەی خۆیەوە بۆ ماڵی كەسێكی نر گواستراوەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، تیمەكە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەكانی دەستپاكی، دەستیان بەسەر پێنج كیلۆ و 250 گرام زێڕی تۆمەتبارەكەدا گرتووە و بەڵگەنامەی فەرمییان بۆ رێكخستووە.
رۆژی 30-08-2026، دەستەی دەستپاكیی فیدراڵی عیراق رایگەیاندبوو، هلاوسەری یاریدەدەرە راگیراوەكەی بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی سەڵاحەدینیان دەستبەسەر كردووە. هاوكات دەستیان بەسەر بەڵگەنامەی 95 موڵكدا گرتووە كە بەسەر بەغداد، دیالە و سەڵاحەدیندا دابەش بوونە، لەگەڵ 31 بەڵگەنامەی پەنجەمۆركراوی سپی، كۆمپیوتەر، پارە و زێڕ لە ماڵی تۆمەتبارەكەدا.
هاوسەری تۆمەتبارەكە لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە كە نزیكەی 27 موڵك بە شێوەیەكی رووكەش بەناوی ئەوەوە تۆماركراون، جگە لە چەندین موڵكی تركە بەناوی كەسوكار و مامەڵەكارانەوەن، بەڵام خاوەندارێتیی راستەقینەیان بۆ هاوسەرەكەی دەگەڕێتەوە