دۆناڵد ترەمپ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پێوەرەكانی توندی كارایی سووتەمەنی و پشتبەستن بە ئۆتۆمبێلی كارەبایی سەردەمی جۆ بایدنی دا ، كە بە سەپاندنی زۆرەملێی ئۆتۆمبێلی كارەبایی وەسفی دەكرد.
ئەم بڕیارە نوێیەی ترەمپ كە لە ئەیلوولی 2026دا راگەیەندرا، ئامانج لێی كەمكردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و دابەزاندنی نرخی ئۆتۆمبێلە بۆ بەكاربەران.
گرنگترین ڕەهەند و لێكەوتەكانی ئەم بڕیارەش بریتیە لە دابەزاندنی پێوەرەكانی كارایی سووتەمەنی،بەپێی بڕیارە نوێیەكە، كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل پابەند دەكرێن كە تێكڕای كارایی ئۆتۆمبێلەكانیان 34میل بۆ هەر گالۆنێك بێت تا ساڵی 2031، ئەمەش كەمكردنەوەیەكی بەرچاوە لە چاو پێوەری سەردەمی بایدن كە 50 میل بوو.
كۆمپانیا گەورەكانی ئەمریكا پێشوازییان لەم هەنگاوە كردووە و بە سەركەوتنی گونجاندنی نرخ و لۆژیك وەسفیان كردووە، چونكە ڕێگەیان پێدەدات زیاتر سەرنج بخەنە سەر دروستكردنی ئۆتۆمبێلی گازی و پِیكابە گەورەكان كە قازانجی خێراتریان تێدایە.
بەڵام بڕیارەكە نیگەرانی دیموكراتەكان و لایەنە ژینگەییەكانی بەدوای خۆیدا هێناو هۆشداری دەدەن، كە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی بەكارهێنانی 100ملیار گالۆن سووتەمەنی زیاتر لە داهاتوودا و خەرجی شۆفێران لەسەر بەنزین زیاد دەكات. هاوكات مەترسی ئەوە هەیە پاشەكشەی ئەمریكا لە بواری تەكنەلۆژیای كارەبایی، بازاڕەكە بە تەواوی ڕادەستی كۆمپانیا ڕكابەرەكانی چین بكات.
ئیدارەی بایدن هەوڵیدا هانی كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل بدات بۆ فراوانكردنی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بۆ ئەوەی پابەندبن بە زیادبوونی ستانداردەكانی كارایی سووتەمەنی.
بەپێی خەمڵاندنەكانی وەزارەتی گواستنەوە، ستانداردە نوێیەكان تێچووی ئۆتۆمبێلی نوێ كەمدەكاتەوە، بەڵام بەدرێژایی دەیان ساڵ بەكارهێنانی سووتەمەنی و دەردانی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن زیاد دەكات.
هەوڵەكانی ترەمپ لە كاتێكدایە هاووڵاتیانی ئەمریكی بەهۆی دەرهاویشتەكانی شەڕی ناوچەكە لەگەڵ ئێران، رووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بوونەتەوە بەجۆرێك تێكڕای نرخی گالۆنێك گەیشتووەتەچوار دۆلار و 48 سەنت.