لەئەنبار تۆمەتبارێك لەكاتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیركرا

عیراق 01:28 PM - 2026/09/27

تیمی لێكۆڵینەوەی دەستەی دەستپاكیی عیراق لەناو بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پارێزگای ئەنبار تۆمەتبارێكیان لە كاتی وەرگرتنی بەرتیلدا بە بڕی سێ‌ ملیۆن دینار دەستگیركردووە. ئەم ئۆپراسیۆنە راستەوخۆیە لە كاتێكدا ئەنجامدراوە كە تۆمەتبارەكە بەڵێنی نایاسایی بۆ تێپەڕاندنی دۆسیەی خانەنشینی بە هاووڵاتییەك داوە لە بەرامبەر پارەدا.

وردەكاریی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە بەم شێوەیە بووە،تیمی دەستەی دەستپاكیی عیراق لەسەر بنەمای زانیاری چوونەتە ناو بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی لە پارێزگای ئەنبار و  تۆمەتبارەكەیان لە كاتی وەرگرتنی بڕی سێ‌ ملیۆن دینار وەك بەرتیل لە یەكێك لە سەردانیكەرانی فەرمانگەكە دەستگیركردووە.

تۆمەتبارەكە هاووڵاتییەكەی هەڵخەڵەتاندووە بەوەی لەگەڵ چەند كەسێكی تر هەماهەنگی دەكات بۆ راییكردنی مامەڵەكەی، بەڵام پارەكەی بۆ خۆی هەڵگرتووە.دەستەی دەستپاكی رایگەیاندووە ئەم دەستگیركردنە لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە گشتگیرەدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كە لە كۆتایی مانگی ئایارەوە لە سەرتاسەری عیراق دەستیپێكردووە.لەو وادەیەوە تائێستا دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری كەرتی گشتی بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل، بەهەدەردانی سامانی گشتی و مامەڵەكردن بە دۆسیەی هاووڵاتیان دەستگیركراون.

فەرمانگەكانی خانەنشینی لە عیراق بە یەكێك لەو دامەزراوانە دادەنرێن كە پێشتر چەندین دۆسیەی دەستكاریكردنی مامەڵەیان تێدا ئاشكرا كراوە، بەتایبەت لە پارێزگای ئەنبار كە لە ساڵانی ڕابردوودا دەستەی دەستپاكی چەندین تۆڕی ساختەكردنی مووچەی خانەنشینی و قەرەبووی تێدا دەستنیشان كرد كە زیانی دارایی بە خەزێنەی دەوڵەت گەیاندبوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو