توێژینەوەیەكی زانستیی نوێ كە لەلایەن توێژەرانی زانكۆی پزیشكیی پەكین لە چین ئەنجامدراوە، ئاشكرای دەكات قۆناغەكانی خەوی شەوانە رۆڵێكی چارەنووسساز دەگێڕن لە دیاریكردنی ئاستی مەترسیی تووشبوون بە دەیان نەخۆشیی درێژخایەن و قورس.
توێژینەوەكە لەسەر زیاتر لە 95 هەزار بەشداربوو ئەنجامدراوە، دەریخستووە كە زیادبوونی ماوەی ئەو قۆناغەی خەو كە جووڵەی خێرای چاوەكانی تێدا روودەدات و زۆرترین خەونی تێدا دەبینرێت، راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە كەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە 83 نەخۆشیی جیاواز.
ئەم قۆناغەی خەو رۆڵێكی بنەڕەتی دەگێڕێت لە رێكخستنی سۆز و دەروون، باشتركردنی یادگە و گەشەی مێشك، بە جۆرێك مەترسیی نەخۆشییە مەترسیدارەكانی وەك وەستانی دڵ، دابەزینی پەستانی خوێن، پاركینسۆن، زەهایمەر، جەڵتەی مێشك و هێرشی سیستەمی بەرگری بۆ سەر كۆئەندامی دەمار بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە.
لەتوێژینەوەكەدا، بەشداربووان بۆ ماوەی هەفتەیەك ئامێری پێوانی جووڵەیان لەدەست كردووە تا شێوازی خەویان تۆمار بكرێت، دواتریش بۆ ماوەی هەشت ساڵی بەردەوام چاودێریی بارودۆخی تەندروستییان كراوە.
لە كۆتاییدا تیمی توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە نووستنی رێكخراو بۆ ماوەی شەش بۆ هەشت كاتژمێر لە شەودا باشترین ئاستی خەوی بەسوود بۆ جەستە دەستەبەر دەكات و مرۆڤ لە جۆرەها نەخۆشیی كوشندە و درێژخایەن دەپارێزێت.