هاوكارییە داراییەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانمان كۆتاییهات

کوردستان 12:53 PM - 2026/09/26

فەریق روكن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە  دەڵێت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوكارییە داراییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕاگرتووە. دەشڵێت، داوامان لە حكومەتی عیراق كردووە مووچەی پێشمەرگە هاوتای  هێزەكانی عیراق بكات.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە  لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراقی ڕاگەیاند، ئەو ماوەیەی تەرخانكرابوو بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە، بەپێی ڕێككەوتنی پێشووی نێوان هەردوولا كۆتایی هاتووە، چونكە یاداشتنامەكە لە 21ی ئەیلولی 2022 تاوەكو 21ی ئەیلولی 2026، بۆ ماوەی چوار ساڵ كارا بووە و ئێستا یاداشتەكە بەسەرچووە، بەمەش كۆتایی بە گواستنەوەی پارە لە هاوپەیمانییەتەكەوە بۆ پێشمەرگە هێنراوە. 

فەریق روكن بەختیار محەمەد  ئاشكراشیكرد، كە داوایان لە حكومەتی فیدراڵی كردووە قەرەبووی ئەم هاوكارییە بكاتەوە بە دەستكاریكردنی مووچەی پێشمەرگە بۆ ئەوەی هاوتای مووچەی هێزەكانی عیراق بێت.

ڕۆژی پێنج شەممە 24ی ئەیلولی 2026، هاوكاری دارایی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ هەردوو مانگی ئاب و ئەیلول دابەشكرا، ئەوەش دوایین قۆناغی هاوكارییە داراییەكان بوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو