بڕیارە لەم هەفتەیەدا لیستی مووچەی مانگی نۆ و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی هەشتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد بنێردرێت .
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست گەلی كوردستان گەیشتووە، لیستی مووچەی مانگی نۆ ئامادەیە و هەندێك وردبینیی كۆتایی ماوە، هەر بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لیستەكە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی هەشت پێكەوە بنێردرێن بۆ بەغداد. لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیشەوە دڵنیایی دراوە و هیچ كێشەیەك لەئارادا نییە، هاوشێوەی مانگەكانی رابردوو دوای كۆتایی هاتنی دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی عیراق پارەی مووچەی هەرێمی كوردستان دەنێردرێت.
لە هەفتەی رابردووەوە عیراق دەستیكردووە بە دابەشكردنی مووچەی مانگی نۆ، سەرەتاش بە دابەشكردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی حەشدی شەعبی دەستیپێكرد. ئەم مانگە بەراورد بە دوو سێ مانگی رابردوو دۆخی دارایی عیراق باشترە، ئاستی فرۆشتنی نەوت بەرزكراوەتەوەو حكومەت پارەیەكی زیاتری دەستدەكەوێت، هەرچەندە راستەوخۆ پارەكەی ناگەڕێتەوە، بەڵام حكومەت بەرچاوی روونە چەند پارەی دەستكەوتووە، بۆیە تا كاتی گەڕانەوەی پارەكە دەتوانێت ئاسانتر دەست بۆ یەدەگی دراو ببات. هەر بۆیە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلول سێ رۆژ زووتر بەراورد بە مانگی رابردوو دەستیپێكردووە.