كاروانێكی دیكەی رووفاتی ئەنفالكراوان لە سەماوەوە دەگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ كاروانێكی دیكەی رووفاتی قوربانییانی ئەنفال، دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، كاروانەكە لە 153 رووفات پێكهاتووە و هەموویان ژن و منداڵن.
لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی بێسەروشوێنكراوان و دۆزینەوەی رووفاتی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و ئەنفالكراوان، ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و بێسەروشوێنكراوانی سەر بە دامەزراوەی شەهیدان، بە هاوكاریی پزیشكی دادیی، ئامادەكارییان بۆ رادەستكردنی كاروانێكی دیكەی رووفاتی شەهیدانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان كردووە، كە ژمارەیان 153 رووفاتەو لە ژن و منداڵ پێكهاتوون كە قوربانیی پڕۆسەكانی ئەنفالن و لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچووەوە لە ناوچەی بادیەی سەماوە زیندەبەچاڵ كراون. سەرجەم ئەو رووفاتانە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێن.
رووفاتەكان پێشتر لەلایەن تیمەكانی گەڕان و پشكنین لە یەكێك لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ناوچەی بادیەی سەماوە دۆزرابوونەوە، كە ئەو شوێنانە تایبەت بوون بە قوربانییانی شاڵاوی ئەنفال كە لەلایەن رژێمی پێشووەوە هێرشیان كرابووە سەر.
ئەو هەنگاوە بەشێكە لە رێڕەوی نیشتمانی و مرۆیی بەردەوام بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی قوربانییانی ئەنفال، بەڵگەنامەكردنی ئەو تاوانانەی بەرامبەریان كراون و پاراستنی رووفاتەكانیان و رێزگرتن لە شكۆیان، تا تەواوكردنی رێكارە زانستییەكان و پشكنینە تایبەتەكان بۆ ناسینەوەیان، بەجۆرێك كە بتوانرێت رادەستی كەسوكاریان بكرێنەوە و بەپێی بنەماكان بە شێوەیەكی كۆتایی بنێژرێن.