زانکۆی کۆیە لە ڕیزبەندیی جیهانیی «گرین مێتریک»دا پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی زانکۆ حکوومی و ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەست هێنا

کوردستان 06:59 PM - 2026/09/25

زانکۆی کۆیە لە ڕیزبەندیی جیهانیی «گرین مێتریک»دا پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی زانکۆ حکوومی و ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەست هێنا

زانکۆی کۆیە جارێکی تر پێشەنگبوونی خۆی لە  ئاستی ئەکادیمی و ژینگەییدا سەلماندەوە و لە ڕیزبەندیی نێودەوڵەتیی «گرین مێتریک» (UI GreenMetric) بۆ ساڵی ٢٠٢٦، پلەی یەکەمی لە نێوان سەرجەم زانکۆ حکوومی و ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستاندا مسۆگەر کرد.

ئەم دەستکەوتە نوێیە، کە لەسەر بنەمای پێوەرە وردەکانی بەردەوامی و پاراستنی ژینگە لەناو کەمپەسی زانکۆکاندا بەدەست هاتووە، ڕەنگدانەوەی کارنامە و جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیەیە (٢٠٢٣-٢٠٢٧)؛ پلانێک کە تێیدا پەرەپێدانی بەردەوام، بەکارهێنانی وزەی پاک، کەمکردنەوەی پاشماوەکان و گەشەپێدانی ژێرخانی سەوز و دۆستی ژینگە لە پێشینەی کارەکان دانراون.

هاوکات ئەم هەنگاوە گەورەیە هاوتەریب و تەواوکەری «دەستپێشخەریی زانکۆی سەوز»ـە، کە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا؛ بە ئامانجی هاندانی ناوەندەکانی خوێندنی باڵا بۆ پەیڕەوکردنی پرەنسیپەکانی پاراستنی ژینگە، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا. زانکۆی کۆیەش توانیویەتی لە ڕێگەی کارنامە زانستی و ژینگەییەکانییەوە مۆدێلێکی پێشەنگ لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا پێشکەش بکات.

سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەم سەرکەوتنەی وەک «شانازییەکی نیشتمانی بۆ کەرتی خوێندنی باڵا لە کوردستان» وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دەستکەوتە بەرهەمی هەوڵە بەردەوامەکانی ستاف و خوێندکارانە بە ئاڕاستەی گۆڕینی زانکۆ بۆ دامەزراوەیەکی هاوچەرخ و بەردەوام، کە تێیدا ژینگەی فێرکردن هاوتەریبە لەگەڵ پاراستنی سروشتدا.

شایانی باسە، ڕیزبەندیی «گرین مێتریک» کە ساڵانە ڕادەگەیەنرێت، بە یەکێک لە پێوەرە جیهانییە گرنگەکان هەژمار دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی زانکۆکان لەڕووی پابەندبوونیان بە بەهاکانی گەشەپێدانی بەردەوام و کارکردن بۆ داهاتوویەکی سەوز.

بەدەستهێنانی ئەم پلەیە لە کاتێکدایە کە زانکۆی کۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرزکردنەوەی کوالێتیی خوێندن، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵکشانی ناوبانگی زانکۆکە لە ڕیزبەندییە جیهانییەکاندا هەبووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو