عەلی زەیدی لە ئەمریكاوە: عیراق قۆناغێكی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت

کوردستان 06:44 PM - 2026/09/25

عەلی زەیدی لە ئەمریكاوە: عێراق قۆناغێكی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت
لە كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری بانك و دامەزراوە داراییەكانی ئەمریكا، عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق قۆناغێكی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت لە گواستنەوەی ئابووری و چاكسازیی دارایی و بانكی، ئاماژەی بەوەشدا سیاسەتی حكومەتی عێراق بە ئاڕاستەی بەرزكردنەوەی بەرهەمی نەوتە بۆ10  ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
بەپێی هەواڵێكی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیران، بە سەرپەرشتیی عەلی زەیدی سەرۆكوەزیران، نوێنەرایەتیی هەمیشەیی عێراق لە نەتەوەیەكگرتووەكان كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ نوێنەری بانك و دامەزراوە داراییەكانی ئەمریكا و ژمارەیەك لە بەرپرسان و پسپۆڕانی بواری دارایی و ئابووری و نوێنەری بانكەكانی عێراق ڕێكخستووە.
زەیدی لە دیدارەكەدا ڕایگەیاندووە، عێراق قۆناغێكی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت لە گواستنەوەی ئابووری و چاكسازیی دارایی و بانكی.
هەروەها هۆكاری بەشێك لە لاوازییەكانی كەرتی بانكیی عێراقی لە ساڵانی ڕابردوودا گەڕاندووەتەوە بۆ سنوورداری كرانەوە و پەیوەندی بەستن لەگەڵ سیستمی بانكیی نێودەوڵەتی بەتایبەت بانكە ئەمریكییەكان.
زەیدی داوای لە بانكەكانی ئەمریكا كرد، بەشداریی بكەن لە بونیادنانی داهاتووی ئابوورییەكی نوێ بۆ عێراق.
دووپاتیشكردەوە، هاتنی بانكە ئەمریكییەكان بۆ ناو بازاڕی عێراق دەبێتە گواستنەوەیەكی جۆری لە پەرەپێدانی كەرتی بانكی و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سیستمی دارایی جیهانی و بەرزكردنەوەی توانای مامەڵە دارایی و بانكییەكان.
سەرۆكوەزیرانی عێراق وتویەتی، عێراق لەبەردەم قۆناغێكی نوێی ئابووریدایە، ڕۆژانە چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، سیاسەتی حكومەتی عێراق بە ئاڕاستەی بەرزكردنەوەی بەرهەمی نەوتە بۆ10  ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا.
دووپاتیشیكردەوە، عێراق كراوەیە بەڕووی كۆمپانیا و بانكە ئەمریكی و جیهانییەكان.
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، حكومەت كار دەكات بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەكی سەرنجڕاكێش و پێشكەشكردنی ئاسانكاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەران.
ڕوونیشیكردەوە، دەرفەتێكی زۆر لەبەردەم بانكە ئەمریكییەكاندا هەیە بۆ بەشداریی لە ئابووریی عێراق و پارەداركردنی پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە تەواوی كەرتە جیاوازەكان.
بە وتەی زەیدی، حكومەت چاوی لەوەیە هاوبەشییەكی كارا لەگەڵ بانكە ئەمریكییەكان بونیادبنێت، بەجۆرێك بەشداربێت لە پەرەپێدانی كەرتی بانكیی عێراق و بەستنەوەی ئابووریی عێراق بەشێوەیەكی كارا بەسیستمی دارایی و ئابووریی جیهان.
عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە 21ـی ئەیلوولی 2026، بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا بەرەو نیویۆرك بەڕێكەوت. ئەم گەشتەی بەمەبەستی بەشداریكردن بوو لە خولی 81ـی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان. هاوكات چەندین دیدار و كۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ سەركردەكانی جیهان، لەوانەش دۆناڵد ترەمپ، ئەنجامدا.
عێراق یەكێكە لە گەورەترین وڵاتانی هەناردەكاری نەوت لە جیهاندا، داهاتی وڵاتەكەش زیاتر لە 90% ی پشت بە نەوت دەبەستێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو