دەستەی رێكخستن و چاودێریی بانكیی توركیا، مۆڵەتی كاركردنی بانكی میللەتی ئێرانی لە توركیا هەڵوەشاندەوە، ئەوەش دوای فشارەكانی ئەمریكا دێت بۆ سەر سێكتەری بانكی توركیا و سزادانی بانكێكی ئەو وڵاتە.
دەستەی رێكخستن و چاودێریی بانكیی توركیا، بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكە پشتی بە ماددەی 71ـی یاسای بانكی بەستووە. دەستەكە لە بڕیارەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، بەردەوامیی كاركردنی ئەم بانكە ئێرانییە مەترسییە بۆ سەر مافی ئەو كەسانەی لە بانكەكە پارەیان داناوە، هەروەها هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی سیستمی دارایی توركیا.
ئەم هەنگاوەی ئەنكەرە تەنها دوو هەفتە دوای ئەوە دێت، ئەمریكا سزای بەسەر بانكێكی توركیادا سەپاند. هۆكاری سزاكەی ئەمریكاش بۆ تۆمەتباركردنی بانكە توركییەكە بوو بە هەبوونی پەیوەندیی دارایی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران.
بانكی میللەت، یەكێكە لە بانكە گەورەكانی ئێران كە حكوومەت زۆرترین پشكی تێدا هەیە. ئەم بانكە بە شێوەیەكی راستەوخۆ پشتیوانیی دارایی بۆ پڕۆژەكانی حكوومەتی ئێران دابین دەكات، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش لە لیستی رەشی سزاكانی ئەمریكا، یەكێتیی ئەوروپا و بەریتانیادایە.