ئەمریكا و دانیمارك لەبارەی دوورگەی گرنلاندەوە گەیشتنە ڕێككەوتن كە واشنتۆن بەشێوەیەكی بەرچاو و هەمیشەیی ئامادەیی سەربازی خۆی لەو دوورگەیەدا بەهێزتر بكات، هاوكات ڕێگری لە نەیارەكانی دەكات لە دامەزراندنی بنكە یان وەبەرهێنانی هەستیار.
ڕێككەوتنەكە سەروەری گرینلاند ناگوازێتەوە بۆ ئەمریكا ، بەڵكو مافە هەمیشەییەكانی پەیوەست بە چوونە ژوورەوەی سەربازی و دامەزراندنی بنكە و فڕینی ئاسمانی بە واشنتۆن دەبەخشێت ، بەمەش بوونی ئەمنی خۆی لە دوورگەكەدا فراوانتر دەكات.
ترامپ لە پۆستێكیدا لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیال باسی لە رێككەوتنەكە كردووە و نوسیوێتی،ڕێككەوتنەكە وادەی بەسەرچوون لەخۆناگرێت و هیچ كام لە نەیارانی ئەمریكا ناتوانن وەبەرهێنانی هەستیار لە گرینلاند ئەنجام بدەن بەبێ ڕەزامەندی واشنتۆن. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمریكا بۆ هەمیشە توانای تەواوی دەبێت بۆ ئەوەی، لە گرینلاند ئاسایش و بەرگری دوورگەكە و ئەمریكا دەستەبەر بكات.
رێككەوتنەكە بڕیارە لە كاتی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەفتەی داهاتوودا ئیمزابكرێت، بەڵام هێشتا پێویستی بە پەسەندكردنی پەرلەمانی دانیمارك و گرینلاند هەیە بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنە.