ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق قەیرانی سوتەمەنی تاوتوێ دەكات

عیراق 09:57 AM - 2026/09/19

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەفتەیەكی پڕ لە لێپرسینەوە و یاسادانان بەڕێوەدەبات كە تێیدا چارەنووسی كورتهێنانی سووتەمەنی لە بەردەم پەرلەمانتاران یەكلادەكرێتەوە و پەرلەمان پڕۆژەیاسای رووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان دەخاتە قۆناغی كۆتایی پەسەندكردنەوە.

بەپێی كارنامەی دانیشتنی رۆژی یەكشەممە، تەواوی دانیشتنەكە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هۆكار و لێكەوتەكانی قەیرانی سووتەمەنی لەسەر هاووڵاتییان تاوتوێدەكرێت و باسم محەمەد خزەیر وەزیری نەوت و تیمی وەزارەت لە هۆڵی پەرلەمان دەبن  بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكان و خستنەڕووی پلان و ڕێكارەكانی حكومەت بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخ و چارەسەركردنی كەمی بەنزین و گازوایل.

بەپێی خشتەكان، كارنامەی دانیشتنی رۆژی دووشەممەش تایبەت دەبێت بە یەكلاكردنەوەی چوار  پڕۆژەیاسا، بە جۆرێك خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای تاوانە نێودەوڵەتییەكان دەكرێت، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسەندكردنی ڕێككەوتننامەی گواستنەوەی ئاسمانی نێوان عیراق و نەمسا ئەنجام دەدرێت.

لە هەمان دانیشتندا، پەرلەمانتاران خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای دادنوسانی عیراق و پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان دەكەن تاوەكو دەنگدانی كۆتاییان لەسەر بدرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو