عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە سەردانەكەیدا بۆ پاریس شەش ڕێككەوتننامەی لە بوارەكانی وزە، زیرەكی دەستكرد و بەرگری ئیمزا كرد و كۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیش بڕیاریدا وەبەرهێنانەكانی بۆ 16 ملیار دۆلار بەرزبكاتەوە.
عیراق لە رێگەی گەشتەكەی عەلی زەیدی بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا هەوڵی بەستنەوەی راستەوخۆی نەوت و غازی وڵاتەكەی بە بازاڕەكانی ئەورووپاوە داوە. گرێبەستە نوێیەكان لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی وزە بەشێكن لە پلانی بەغداد بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی كارەبا و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنیی هاوردەكراو. هاوكات حكومەتی عیراق لە رێگەی چاكسازیی دارایی و باجەوە دەیەوێت ژینگەیەكی سەقامگیر بۆ راكێشانی سەرمایەی بیانی دابین بكات.
گرنگترین رێككەوتن و پلانەكانی حكومەتی عیراق لە ئەورووپا بریتی بوون لە ئیمزا كردنی شەش رێككەوتننامە لە فەڕەنسا لە بوارەكانی فڕۆكەوانیی مەدەنی، پەروەردە، بەرگریی ئاسمانی، وزە و تەكنەلۆجیای زیرەكی دەستكرد،خستنەڕووی پلانی دابینكردنی نەوتی خاو بۆ ئەورووپا لەڕێگەی توركیا و سوریا، بە ئامانجی بەرهەمهێنانی 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا تا ساڵی 2030، هەروەها پێشكەشكردنی دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە پیشەسازیی پترۆكیمیایی، فۆسفات، دەرمان و وزەی پاك بۆ 50 گەورە بازرگانی ئەڵمانی و ئیمزاكردنی گرێبەستی قۆناغی چواری بەرنامەی وزە لەگەڵ سیمێنس بۆ هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی سووتەمەنی و نوێكردنەوەی وێستگەكانی كارەبا.
كۆمپانیا پیشەسازییەكانی ئەورووپا پێشوازییان لە كرانەوەی ئابووریی عیراق كردووە، كۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی ئامادەیی خۆی بۆ بەرزكردنەوەی وەبەرهێنانەكانی لە كەرتی غاز بۆ 16 ملیار دۆلار نیشانداوە.
هاوكات بەڕێوەبەری كۆمپانیای سیمێنس ئینێرجی جەختی لە دروستكردنی وێستگەی كارەبای بێپشتبەستوو بە غاز كردەوە، و نوێنەرانی پیشەسازیی ئەڵمانیا، بەتایبەت كۆمپانیای مان، بازاڕی عیراقیان بە ژینگەیەكی لەبار بۆ وەبەرهێنانی پیشەسازی و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەقەڵەمدا.