كریس رایت وەزیری وزەی ئەمریكا رایدەگەیەنێت ، ئەگەر پرسی ئەتۆمی ئێران چارەسەر بكرێت، ئەمریكا ئامادە دەبێت سووتەمەنی ئەتۆمی بۆ ئێران دابین بكات.
ئاژانسی بلۆمبێرگ لە زاری كریس رایت بڵاویكردووەتەوە، دەتوانن لە دەرەوەی وڵات سوتەمەنی ئەتۆمی بۆ ئێران بنێرن. وەزیری وزەی ئەمریكا جەختیكردووەتەوە، دابینكردنی ئەم سوتەمەنییە بەستراوەتەوە بە گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گشتگیر لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بۆ دڵنیابون لەوەی تەنها بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەكار دێت.
ئەم پێشنیارە لە كاتێكدایە واشنتۆن گومانی هەیە لەوەی تاران هەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بدات، هەرچەندە ئێران چەندین جار ئەو تۆمەتەی رەتكردووەتەوە.
بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە ساڵی 1957 بە پاڵپشتیی ئەمریكا دەستیپێكرد، بەڵام دوای ساڵی 1979 وەستا و لە نەوەدەكاندا بە نهێنی دەستیپێكردوەوە. هەرچەندە لە ساڵی 2015 ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئیمزاكرا، بەڵام ترەمپ لە ساڵی 2018 لێی كشایەوە و ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 60% بەرزكردەوە.