بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی گشتی سوید، بەرەی چەپ، بە جیاوازییەكی كەم پێش بەرەی راستڕەوی سوید كەوتوون و بوونەتە براوەی هەڵبژاردنەكە. پارتی سۆسیال دیموكرات كە لە بەرەی چەپڕەوەكانە، زیاتر لە 27٪ی دەنگەكان و 99 كورسی پەرلەمانی بە دەستهێناوە.
پارتی دیموكراتەكانی سوید، بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو دەنگەكانی كەمی كردووە و 17.7٪ی دەنگەكان و 63 كورسی بە دەستهێناوە.بەپێی ئەم ئەنجامە بەراییانە، لە ئەنجامی جیاكردنەوەی پێنج ملیۆن و 500 هەزار دەنگ، رێژەی دەنگی پارتەكان بەم شێوەیەی لێهاتووە،پارتی سۆسیال دیموكرات، سەدا 27 پۆینت نۆی دەنگەكانی بەدەست هێناوە كە ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2022، سەدا دوو پۆینت دوو كەمی كردووە،لە كۆی 349 كورسییەكەی پەرلەمانیش پارتی سۆسیال دیموكرات 99 كورسی بەدەستهێناوە و پارتی مۆدێرات پارتی ئولف كریستەرسۆن سەرۆكوەزیرانی ئێستایە و سەركردایەتیی حكومەتی راسترەو دەكات، سەدا 19 پۆینت هەشتی دەنگەكانی بەدەستهێناوە ئەمەش بەراورد بە هەڵژباردنی رابردوو سەدا سفر پۆینت حەوتی دەنگەكانی زیادی كردووەو بەپێی ئەنجامە بەرایەكانیش لەم هەڵبژاردنەدا توانیویەتی 70 كورسی بەدەست بهێنێت.
بەپێی سیستمی سیاسیی سوید و هاوپەیمانێتییەكانی ئەم هەڵبژاردنە، پارتەكان بەسەر دوو بەرەی سەرەكی راستڕەو و چەپڕەودا دابەش بوون.بەرەی راستڕەو ،لە چوار پارت پێكدێت.
سێ پارتیان كابینەی حكومەتی ئێستایان پێكهێناوە، پارتی چوارەمیش لە دەرەوەی كابینەكە پشتگیرییان دەكات بۆ ئەوەی زۆرینەی پەرلەمان مسۆگەر بكەن،بەرەی چەپڕەو كە ئۆپۆزسیۆن دەگرێتەوە، ئەم بەرەیەش لە چوار پارت پێكدێت بە سەرۆكایەتیی ماگدالینا ئەندەرسۆن، كە دەیانەوێت حكومەتی نوێ پێكبهێنن.