بڕیارێكی بەغداد نرخی شیش و چیمەنتۆی بەرزكردووەتەوە

کوردستان 01:35 PM - 2026/09/13

 بەهۆی بڕیارێكی حكومەتی عیراق بۆ زیادكردنی نرخی نەوتی ڕەش بە ڕێژەی زیاتر لەسەدا 200 بەرزبۆتەوەو نرخی كەرەستەكانی بیناسازی لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەرچاو گران بووە. بەشێوەیەك نرخی یەك تۆن چیمەنتۆ لە بازاڕدا گەیشتووەتە 140 هەزار دینار و تێچووی دروستكردنی خانوو بۆ هاوڵاتییان بە بڕی نزیكەی هەزار دۆلار زیادی كردووە، لە كاتێكدا كارگەكان داوای دەستبەجێ كەمكردنەوەی نرخی سووتەمەنی دەكەن.

هۆكاری گرانبوونەكەش دەگەڕێتەوە بۆ كورتهێنانی دارایی لە عیراق، بۆیە بەغداد نرخی یەك تۆن نەوتی ڕەشی لە 150 هەزارەوە بۆ 500 هەزار دینار زیادكردووە، لەكاتێكدا بەرهەمهێنانی هەر تۆنێك چیمەنتۆ پێویستی بە 75 لیتر لەو سووتەمەنییە هەیە. لە هەرێمی كوردستان 7 كارگەی چیمەنتۆ و 5 كارگەی شیش كاردەكەن كە ڕۆژانە زیاتر لە 65 هەزار تۆن بەرهەمیان هەیەو %65ـی پێداویستیی عیراق دابین دەكەن.

گرانبوونی نرخی رەش لەسەر كارگەكان، نرخی یەك تۆن چیمەنتۆی لە كارگەكان لە 80 هەزارەوە بۆ 120 هەزار دینار بەرزكردووەتەوە و لە بازاڕیشدا بە 130 بۆ 140 هەزار دینار دەفرۆشرێت. هەروەها نرخی یەك تۆن شیش بە بڕی 10 بۆ 15 دۆلار زیادی كردووە و لە ئێستادا بە 550 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەشەوە، دروستكردنی خانوویەكی 150 مەتری، نزیكەی هەزار دۆلار تێچووەكەی زیاتر دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو