سەرۆكی ئەمریكا، بەڵێنیدا پێنج هەزار دۆلار ببەخشێت بە هەر هاوڵاتییەكی پێگەیشتووی ئەمریكی، بەمەرجێك كۆمارییەكان براوەبن لە هەردوو ئەنجوومەنەكەی كۆنگرێس لە هەڵبژاردنەكانی نیوەی خولدا، كە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت.
ترەمپ لە كۆبوونەوەیەكی كۆمارییەكاندا لە دالاسی ویلایەتی تێكساس رایگەیاند، "ئەگەر كۆمارییەكان سەربكەون، ئێوەش لەگەڵ ئێمەدا سەردەكەون و 5,000 دۆلار وەردەگرن". ترەمپ ناوی ئەم بڕە پارەیەی "قازانجی ترەمپ" لێنا.
سەرۆكی ئەمریكا هیچ روونكردنەوەیەكی لەبارەی سەرچاوەی دابینكردنی ئەو پارەیە یان ئەو میكانیزمەی بۆ جێبەجێكردنی پێشنیارەكە پەیڕەو دەكرێت، ئاشكرا نەكرد، ئەم لێدوانانە لە كاتێكدایە كۆمارییەكان لە پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولدا رووبەڕووی ركابەرییەكی توند لەگەڵ دیموكراتەكان بوونەتەوە، ئەو هەڵبژاردنەی هەژموونی هێز لە كۆنگرێسدا یەكلایی دەكاتەوە.
ترەمپ داوای لە دەنگدەران كرد دەنگ بە كۆمارییەكان بدەن و هۆشداریدا ئەگەر دیموكراتەكان كۆنترۆڵی كۆنگرێس بكەن، ئەوا ئەمریكا بۆ ماوەی چەند ساڵێك پاشەكشە دەكات. ئەو بەڵێنیدا ئەو دۆخە تێكبشكێنێت كە تێیدا زۆرجار پارتەكەی سەرۆك لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا ژمارەیەك كورسی لە كۆنگرێس لەدەست دەدات و جەختی لەوە كردەوە كۆمارییەكان بەردەوام دەبن لە تەواوكردنی ئەركەكە.