هێرشەكانی ئێران زیانی ملیاران دۆلاری بە ئەمریكا گەیاندووە

عیراق 03:37 PM - 2026/08/27

بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریكی، هێرشەكانی ئێران بۆ سەر دامەزراوە ئەمریكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانی ملیاران دۆلاری بە ئەمریكا گەیاندووە.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ئێن بی سی نیوز كردووە، زیانی هێرشە درۆنی‌و مووشەكییەكانی ئێران دژی دامەزراوە‌و بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا، كۆنگرێسی ناچاركردووە پارەیەكی زۆر بۆ نوێكردنەوەی ئەو دامەزراوانە تەخانبكات.
بارەگای دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا (سی ئای ئەی)، لە ریازی پایتەختی سعوودیە و بارەگایەكی دیكە لە رۆژهەڵاتی عیراق، لەگەڵ ژمارەیەك رادار و كەرەستەی دیكەی چاودێری لە وڵاتانی كەنداو لە لیستی ئەو ئامانجانەن لەلایەن ئێرانەوە كراونەتە ئامانج.
وەك لە راپۆرتی میدیا ئەمریكییەكەدا هاتووە، هێرشەكان و قەبارەی زیانەكان نیگەرانیی لە نێو سوپای ئەمریكا و دەزگای هەواڵگریی وڵاتەكە دروستكرووە لەسەر ئەوەی تا چەند دەتوانن بەرگریی لە بنكە و دامەزراوەكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەن.
لە سەرەتای جەنگەكەوە، ئێران ژمارەیەكی زۆر هێرشی بۆ سەر بنكە و دامەزراوە ئەمریكییەكان لە ناوچەكە ئەنجامدا، سەرەتا قەبارەی زیانەكان نەزانراوبوون، بەڵام ئێستا میدیا ئەمریكییەكان قەبارەی زیانەكان ئاشكرا دەكەن و پنتاگۆن و كۆشكی سپی رەتیدەكەنەوە قسە لەسەر قەبارەی زیانەكان بكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو