سەرۆك وەزیرانی قەتەر لەگەڵ لێپرسراوانی تاران كۆدەبێتەوە

کوردستان 03:47 PM - 2026/08/27

محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، بە مەبەستی زیندووكردنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی، سەردانی تاران بكات، ئەمەش لە كاتێكدایە كە گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەردەوامن، بەتایبەت دوای ئەوەی واشنتۆن بەڵێنی دا لەرێگەی سەپاندنی سزا بەسەر هاوبەشە بازرگانییەكانیدا، فشارە ئابوورییەكانی سەر تاران زیاد بكات.
ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە پلاتفۆڕمی "ئێكس" ئاماژەی بەوە كردووە، گفتوگۆكانی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران تایبەت دەبن بە رەخساندنی زەمینە بۆ دەستپێكردنەوەی دیالۆگ و كەمكردنەوەی گرژییەكان، جگە لە تاوتوێكردنی ئازادیی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز و رێگەچارەكانی گەڕاندنەوەی د‌وخەكە بۆ پێش 28ی شوباتی رابردوو.
لایخۆیەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە میانی سەردانەكەیدا بۆ تاران، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆك وەزیرانی قەتەر تاوتوێی بەردەوامیی هەوڵەكانی نێوەندگیری وڵاتەكەی و پێشهاتەكانی تری ناوچەكە دەكات. پێش گەشتەكەشی، سەرۆك وەزیرانی قەتەر زنجیرەیەك پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ژمارەیەك لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو ئەنجامداوە، بە مەبەستی تاوتوێكردنی هەوڵە دیپلۆماسییەكان.
گەرووی هورمز ئێستا بابەتی سەرەكی ململانێكانی جەنگی ئێرانە، گەرووەكە پێش جەنگ بە شێوەیەكی ئازاد بۆ هاتووچۆی دەریایی كراوە بوو بەشێكی بەرچاوی نەوت و غازی وڵاتانی كەنداوی بۆ بازاڕەكانی جیهان پێدا تێدەپەڕی و نزیكەی یەك لەسەر پێنجی ئەو دوو بەرهەمەی بۆ جیهان دابین دەكرد، بەڵام لە سەرهەڵدانی جەنگەوە، ئێران بەشێكی بەرچاوی كۆنتڕۆڵكردووە و وەك كارتێكی فشار و سەرچاوەیەكی داهات بەكاری دەهێنێت، چونكە هەوڵ دەدات باج بەسەر تێپەڕبوونی كەشتییەكاندا بسەپێنێت..

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو