هێرشكرایە سەر كەشتییەكی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز

کوردستان 10:24 AM - 2026/08/27

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەكانی بەریتانیا دەڵێت، كەشتییەكی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز هێرشی كراوەتەسەر و بەهۆیەوە ئاگر لە كەشتییەكە كەوتووەتەوە.
دەستەكە لە راگەیەندراوێكدا روونیكردەوە، پاش رووداوەكە تیمەكانی سەر كەشتییەكە توانیویانە ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن و سەرجەم ئەندامانی تیمی كەشتییەكەش سەلامەتن. هاوكات هیچ زیانێكی ژینگەیی بەهۆی هێرشەكەوە نەكەوتووەتەوە.
گەرووی هورمز یەكێكە لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەكانی جیهان. پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە كۆتایی مانگی شوباتدا، نزیكەی یەك لەسەر پێنجی پێداویستییەكانی نەوت و گازی جیهان لەو گەرووەوە دەگوازرایەوە، بەڵام لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگەكەوە، كەشتییە بازرگانییەكان لەو ناوچەیەدا بەردەوام دەكرێنە ئامانج.
 لە مانگەكانی نیسان و حوزەیرانی رابردوودا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران دووجار گەیشتنە رێككەوتن بۆ راگرتنی هێرشكردنە سەر یەكتر و گەرەنتیكردنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی. بەڵام هەردوو رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكران‌و ململانێی نێوان هەردوو وڵات كە ماوەی شەش مانگە بەردەوامە، هێشتا بێ چارەسەر ماوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو