وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، دوای زیاتر لە مانگێك لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنەی داهات و خەرجییەكان، بە رەسمی كۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەكردنی پشكی هەرێمی كوردستانی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی 2027 راگەیاند و پڕۆژەكەی بە هەردوو شێوازی كاغەزی و ئەلیكترۆنی رەوانەی بەغدا كرد.
لە راگەیەندراوێكدا، وەزارەتی دارایی ئاشكرایكردووە، لەم پڕۆژەیەدا سەرجەم شایستە داراییەكان، خواستە دەستوورییەكان و پێداویستییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وردی جێگیركراون، كە دیارترینیان بریتین لە، دابینكردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، كەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، دابینكردنی مووچە بۆ خێزانە كەمدەرامەتەكان و هاوتاكردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لەگەڵ بەغداد، دابینكردنی خەرجییەكانی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، جێگیركردنی مافی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو، هاوتاكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە، لەگەڵ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خانەنشینانی عیراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەكانی پێشوویان، چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی بەهۆكاری جیاواز لە سیستمی یو پی ئێن تۆمار نەكراون یا كێشەیان هەیە، دابینكردنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ دامەزراندنی سێ یەكەمەكان، خاوەن بڕوانامە باڵاكان، پزیشكانی گشتی، پزیشكانی ددان، دەرمانسازان و هاوپیشە تەندروستییەكان.
وەزارەتی دارایی هەرێم تەكیدیشی كردووەتەوە لەوەی، ئەم ئامادەكارییە چڕ و وردە، دەبێتە بنەمایەكی بەهێز بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشە داراییە هەڵپەسێردراوەكان و كۆتاییهێنان بە بەربەستەكانی بەردەم شایستە داراییەكانی هەرێم. لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایشدا هاتووە، هیواخوزین لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی و پاراستنی مافە دەستوورییەكانەوە مامەڵە لەگەڵ پشكی هەرێم لە بودجەدا بكەن.
هاوكات، وەزارەتی دارایی داوا لە سەرجەم نوێنەران و فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەكات كە بە یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی داكۆكی لەم پشكانە بكەن، تا لە كاتی دانوستاندنەكانی ناو پەرلەمان لەسەر یاسای بودجە جێگیر بكرێن و پشكی شایستەی هاووڵاتیانی هەرێم بە زووترین كات دەستەبەر ببێت.