داتاكان دەریانخستووە كە بڵاوبوونەوەی ئێستای ڤایرۆسی ئیبۆلا لە كۆماری كۆنگۆی دیموكرات، بووەتە كوشندەترین حاڵەت لە مێژووی وڵاتەكەدا و ژمارەی مردووان بۆ دوو هەزار و 325 كەس بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئەو داتایانەی پەیمانگای تەندروستی گشتی كۆنگۆ بڵاویكردۆتەوە، كۆی گشتیی تووشبووانی ئیبۆلا بۆ چوار هەزار و 945 كەس بەرزبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 101 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆماركراوە.
ڕێژەی گیانلەدەستدان لە نێوان تووشبووانی پشتڕاستكراوەدا گەیشتۆتە نزیكەی سەدا 47، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەختی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و ئەو ئاستەنگانەی كە ڕووبەڕووی دەسەڵاتدارانی تەندروستی دەبێتەوە لە دۆزینەوە و چارەسەركردنی زووی تووشبوونەكان.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، بڵاوبوونەوەی ئێستای ڤایرۆسی ئیبۆلا بەهۆی جۆری دەگمەنی ڤایرۆسەكەوەیە ە، كە تا ئێستا هیچ ڤاكسین و چارەسەرێكی پەسەندكراوی بۆ نییە.
بڵاوبوونەوەی ئێستای ڤایرۆسی ئیبۆلا ، دووەم كوشندەترین پەتای ئیبۆلایە لە جیهاندا، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە ڕۆژئاوای ئەفریكا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2016 كە زیاتر لە 11 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا.