هەواڵی گەڕاندنەوەی فڕۆكەیەك دوای فڕینی لە فڕۆكەخانەی بەغدادەوە بۆ ناو فڕۆكەخانە بەهۆی كچی پەرلەمانتارێك، مشتومڕێكی زۆری لە شەقامی عیراقی دروست كردووە. باس لەوە دەكرێت پەرلەمانتارێك بەهاوكاریی بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری گواستنەوە فڕۆكەكەی گەڕاندبێتەوە، بۆئەوەی رێگری لەكچەكەی بكات گەشت بكات، بەڵام سەرچاوەیەك لەدەسەڵاتی فڕۆكەوانیی عێراق دەڵێت، پێش فڕینی فڕۆكەكە رێگری لە كچەكە كراوە.
ئەو دەنگۆیانەی بڵاوكراونەتەوە باس لەوەدەكەن، فڕۆكەیەك كە لەبەغدادەوە بەرەو ئیستانبووڵ بەڕێكەوتبوو، ناچاركراوە بگەڕێتەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد. بەشێك لەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە دەڵێن، گەڕانەوەكە بەهۆی زانیارییەك بووە لەسەر یەكێك لە سەرنشینەكان، دوای پشكنین و دڵنیابوونەوە لە نەبوونی رێگریی یاسایی، فڕۆكەكە دووبارە گەشتەكەی دەستپێكردووەتەوە.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا گێڕانەوەیەكی جیاواز بڵاوكراوەتەوە كە دەنگدانەوەی زۆری هەبووە. بەپێی ئەو گێڕانەوەیە، كچی یەكێك لە پەرلەمانتارانی عیراق ویستوویەتی بەبێ ئاگاداری خێزانەكەی بەرەو توركیا گەشت بكات. دەوترێت پەرلەمانتارەكە پەیوەندی بە لێپرسراوانی باڵای وەزارەتی گواستنەوە كردووە و فشار خراوەتە سەر فڕۆكەكە تا بگەڕێتەوە و كچەكەی دابەزێندرێت. تەنانەت هەندێك دەنگۆ باس لەوە دەكەن كچەكە بڕی دە هەزار دۆلاری پێ بووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك بۆ ئەو دەنگۆیە نییە.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەك لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عیراق، دەستوەردانی سیاسی بۆ گەڕانەوەی فڕۆكەكە رەتكردەوە و رایگەیاند،رێگریكردن لە گەشتی كچی ئەو پەرلەمانتارە تەنانەت پێش سواربوونی سەرنشینەكان بووە، نەك دوای فڕینی فڕۆكەكە.بەپێی ئەو سەرچاوەیە، پەرلەمانتارەكە پێشتر هێزە ئەمنییەكانی فڕۆكەخانەی بەغدادی ئاگاداركردووەتەوە كچەكەی بەهۆی خراپیی باری دەروونییەوە ناكرێت بەتەنیا گەشت بكات و رێگری لە گەشتكردنی بكەن. هەروەها سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە،كچەكە پێش چوونە ناو فڕۆكە رێگری لێكراوە و دایكی چووەتە فڕۆكەخانە و وەریگرتووەتەوە، فڕۆكەكەش بە ئاسایی و بەبێ گەڕانەوە گەشتەكەی ئەنجام داوە.