بەهۆی خۆرگیرانی سبەینێوە نزیكەی 10 گێگاوات بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لە ئەوروپا كەم دەكات

عیراق 03:07 PM - 2026/08/11

 سبەینێ چوارشەممە، دیاردەی خۆرگیران لە جیهاندا روودەدات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان و عیراق نابینرێت. ئاژانسی "نۆڤۆستی" رایگەیاندووە، رەنگە لەمیانی خۆرگیرانی تەواوی سبەینێ 12ی ئابدا، بەرهەمهێنانی كارەبا لەرێگەی وزەی خۆرەوە لە ئەوروپا بە رێژەی نزیكەی 10 گێگاگاوات دابەزێت، كە ئەمەش هاوتای بەرهەمهێنانی دوو یان سێ وێستگەی ئەتۆمییە.

ئاژانسەكە بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی كە لەلایەن كۆمیسیۆنی ئەوروپاوە پێشكەش كراون، ئاماژەی بەوەداوە، دابەزینی بەرهەمهێنانی "وزەی خۆر" رەنگە بگاتە 9 گێگا و 700 مێگاوات ئەگەر كەشوهەوا ساف و روون بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانكارییەكی خێرا و پێشبینیكراو لە پێكهاتەی بەرهەمهێنانی كارەبادا لە نێوان  سەعات 7 و 10 دەقەی ئێوارە و 9 و 30 دەقەی ئێوارە بە كاتی ناوەندی ئەوروپا.

كۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشبینی كاریگەریی زیاتر دەكات لەسەر كاركردنی سیستمی وزەی ئەوروپا بەهۆی خۆرگیرانەكەوە و خۆی ئامادە دەكات بۆ بەستنی كۆبوونەوەیەكی تەكنیكی بۆ بەڕێوەبەرانی تۆڕەكان بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامە ئەگەرییەكان. زانیارییەكانی تۆڕی ئەوروپی بۆ بەڕێوەبەرانی سیستمەكانی گواستنەوەی كارەبا ئاماژەیان بەوە كردووە كە بەڕێوەبەرانی تۆڕەكانی كارەبای ئەوروپا رێوشوێنی پێشوەختیان گرتووەتەبەر بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گۆڕانكارییەكان لە بەرهەمهێنانی وزەی خۆردا.

هاوكات تۆڕی ئەوروپی بۆ بەڕێوەبەرانی سیستمەكانی گواستنەوەی كارەبا تیمی كاركردنی تایبەتی پێكهێناوە بۆ هەماهەنگی ئامادەكارییەكان و چاودێریكردنی دۆخەكە.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕەكە، لە ساڵی 2025دا وزەی خۆر نزیكەی 13٪ی كۆی بەرهەمهێنانی كارەبای لە یەكێتی ئەورووپادا پێكهێناوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو