لەمیسان هەزاران ماسی لەحەوز و ئاوەكان مرداربوونەتەوە

عیراق 03:44 PM - 2026/08/05

هۆشداری لە خراپتربوونی قەیرانی مرداربونەوەی  ماسی لە زۆنگاوەكانی میسان و باشووری عیراق دەدرێت كە ماوەی سێ ساڵە  ئەو دیاردەیە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە لە ئەنجامی كەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو و كەمبوونەوەی ئاستی ئۆكسجین لە ئاوەكەدا.ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكەش هۆشداری دەدات كە ئەگەر ئاو بۆ ناوچەكە بەرنەدرێتەوە، زۆنگاوی حەوێزە رووبەڕووی وشكبوونی یەكجاری دەبێتەوە.

گرتە ڤیدیۆییەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە  كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر ماسی مرداربوو دەردەكەون. شوێنەكە ئاوی عەمشانە لە ناحیەی خەیری لە پارێزگای میسان. هاووڵاتییانی ناوچەكە دەڵێن، دەیان هەزار ماسیی بچووك لە مەترسیی لەناوچووندان و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان بە بەرپرسیار دەزانن.

حوسێن مریانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان راگەیاند، بەشێكی زۆری ئاوەكانی  پارێزگاكە  تووشی كارەساتی ژینگەیی بوون. ماسی و هەموو زیندەوەرە ئاوییەكان بە كۆمەڵ مرداردەبنەوە ، هۆكارەكەشی كەمیی بەردانەوەی ئاوە كە بووەتە هۆی كەمبوونەوەی ئۆكسجین لە ناو ئاوەكەدا.بە وتەی ئەو لێپرسراوە،مەترسیی گەورە لەسەر زۆنگاوی حەوێزە هەیە، كە سەرچاوەی سەرەكیی بژێوی و ژیانی زۆرینەی خەڵكی پارێزگاكەیە. 

لای خۆشییەوە مورتەزا جنوبی چالاكوان سەبارەت بەو مەترسیانەی رووبەرووی  ماسییەكانی پارێزگای میسان و باشووری عیراق بونەتەوە رایگەیاند، مرداربونەوەی ماسییەكان دیاردەیەكی نوێ نییە و كەڵەكەبوونی زۆری ماسی لە ناوچەكانی وەك كەناڵی عەمشان و رووباری عەزە و زۆنگاوەكانی  ناوەڕاست بۆتە هۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئۆكسجین لە ئاوەكەدا، ئەمەش هۆكاری  مرداربونەوەی بە كۆمەڵی ماسییەكانبووە.

هاوكات دوای بڵاوبوونەوەی گرتە  ڤیدیۆكان، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق هاتە سەر خەت و فەرمانی كرد،لە بەنداوی حەمرینەوە بڕە ئاوێكی تایبەت بە زۆنگاوەكانی میسان بەربدرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو