رۆژانە لە كۆرمۆرەوە 100 ملیۆن پێ سێجای غاز رەوانەی عیراق دەكرێت

کوردستان 02:49 PM - 2026/08/05

دانە غاز و نەوتی هیلال رایدەگەیەنن، دەستدەكەن بە دابینكردنی غاز لەكێڵگەی كۆرمۆرەوە بە بڕی 100 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە رۆژێكدا و بۆ یەك ساڵ، بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك بەمەبەستی بۆ پشتگیریكردن لە بەرهەمهێنانی كارەبا لە عیراق.

بەپێی راگەیەندراوێكی كۆمپانیای دانە غاز كۆمپانیاكەیان بەهاوبەشی كۆمپانیای نەوتی هیلال، كە كۆنترین كۆمپانیای تایبەتی نەوت و غازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەستپێكردنی دابینكردنی غازی سروشتییان لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە لە هەرێمی كوردستان بۆ وەزارەتی كارەبای عیراق لە شاری كەركوك راگەیاند، بەمەبەستی پشتگیریكردنی زیاتری كەرتی كارەبا لە عیراق . 

ئەوەشخراوەتەڕوو، دەستپێكردنی دابینكردنی غازی سروشتی كۆرمۆر لەسەر بنەمای رێككەوتنێكە كە مانگی (كانوونی یەكەم)ی 2025 لەگەڵ وەزارەتی كارەبای عیراق ئیمزا كراوە، هەردوو كۆمپانیای دانەغاز و نەوتی هیلال، وەك هاوبەش لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەی غازی كوردستان، بڕی 100 ملیۆن پێ سێجا غازلە رۆژێكدا لە وێستگەی پڕۆسێسكردنی غازی كۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی كارەبای تازەی كەركوك دابیندەكەن بۆ ماوەی سەرەتایی یەك ساڵ، ئەوەش بۆ یارمەتیدان لە باشتركردنی بەرهەمهێنانی كارەبا و خزمەتگوزارییەكان لە وڵاتدا. 

كۆمپانیای دانەغاز باسی لەوەشكردووە، ئەم هەنگاوە گرنگە رەنگدانەوەی هەنگاوێكی گەورەیە لە ستراتیژی كۆمپانیاكاندا بۆ فراوانكردنەوەی فرۆشتنی غاز دوای تەواوبونی فراوانكردنی، كە لە (تشرینی یەكەم)ی 2025ەوە كەوتەكار، توانای بەرهەمهێنانی لە كۆرمۆرەوە بە رێژەی 50٪ بەرزكردەوە بۆ 750 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێكدا، ئەم فراوانكردنەش رێگەی بە هاوبەشەكان داوە بازاڕی نوێبكەنەوە و غازی زۆر پێویست بە ڕێگەی بۆڕی لە وێستگەی پڕۆسێسكردنی غازی كۆرمۆرەوە لە هەرێمی كوردستانەوە دابینبكەن.

لەلای خۆیەوە، مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی هیلال و ئەندامی سەرەكی دەستەی بەڕێوەبەری دانەغاز رایگەیاند، ئەم یەكەم دابینكردنەی غاز بۆ وەزارەتی كارەبای عیراق قۆناغێكی گرنگە بۆ كۆمپانیاكان لە پەرەپێدانی كەرتی غاز لە هەرێمی كوردستاندا، لە هەمانكاتیشدا پشتگیریكردنی زیاتری خواستی گەشەسەندوی كارەبایە بۆ سەرجەم عیراق، بەشداریكردنە لە باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵكی عیراق.

هاوكات، ریچارد هال بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دانەغاز رایگەیاندووە، ئەم رێككەوتنە هەنگاوێكی گرنگە لەكاتێكدا دەستدەكەن بە بەدەستهێنانی سوودەكانی بەرنامەی فراوانكردنی بەردەوامییان، بە سوودوەرگرتن لە توانای زیادە كە لە رێگەی فراوانكردنی دروستبووە، بنەمایە بۆ دابینكردنی هاوكاری زیاتر لەسەر ئاستی ستراتیژی لە بازاڕە گەشەسەندووەكەی عیراقدا بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی ستراتیژی، لە هەمانكاتدا پشتگیریكردنی خزمەتگوزاری كارەبای متمانەپێكراوتر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو