بەپێی رێككەوتنێك توركیا دەبێتە خاوەنی 15٪ی كێڵگەی نەوتی كەركووك

کوردستان 02:40 PM - 2026/08/05

كورشاد زۆرڵو، یاریدەدەری سەرۆكی ئاكپارتی و لێپرسراوی پەیوەندییەكانە لەگەڵ دەوڵەتانی تورك، بەشداری لە رێوڕەسمێك بەناوی (ئەنكەرە؛ پایتەختی گەشتیاریی دەوڵەتانی تورك) كرد و وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند توركیا بە رەسمی پێگەی خۆی لە كێڵگەی نەوتی كەركووك جێگیر كردووە و پشكی 15%ی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی لەو كێڵگەیە وەرگرتووە، كە مەزەندە دەكرێت سێ ملیار بەرمیل نەوتی خاوی تێدا بێت، ئەوەش وەك هەنگاوێك بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەكانی وزە بەبێ پەنابردن بۆ وڵاتانی دیكە.

بەپێی ئەو رێككەوتنەی كراوە، عیراق رۆژانە ملیۆنێك بەرمیل نەوتی بۆ ناوخۆی توركیا هەناردە دەكات. هەروەها پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان كە بەسرە بە خاڵی سنووری ئۆڤاكۆ دەبەستێتەوە، لە داهاتوودا بە هێڵی ئاسنین و هێڵی بازرگانی فراوانتر دەكرێت و حكومەت كارەكانی گەیاندووەتە قۆناغی كۆتایی بۆ ئەوەی جەژنی نەورۆز بە رەسمی لە سەرانسەری توركیا بكرێتە پشوو.

لای خۆشییەوە، عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی رۆژی 27ی تەمووزی 2026 لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان، ئامادەیی وڵاتەكەی نیشانداوە بۆ دابینكردنی رۆژانە ملیۆنێك بەرمیل نەوت بۆ توركیا. ئەو رێككەوتنانە لە چوارچێوەی پرۆتۆكۆڵێكی رەسمیدا ئیمزا كراون و هەردوولا تەئكیدیان لە گرنگیی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان كردووەتەوە وەك هێڵێكی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات.
ئەو پێشهاتانە لەكاتێكدایە كە بەشێك لە پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە توركیا رەخنە لەم سیاسەتانە دەگرن، بەڵام لێپرسراوانی ئاكپارتی دەڵێن ئەو هەنگاوانە بەشێكن لە ئامانجی 100 ساڵەی وڵاتەكەیان و رێگری لە چەواشەكارییەكان دەكەن

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو