حزبە كوردستانییەكان لە كەركوك كۆبوونەوە

کوردستان 01:42 PM - 2026/08/05

ئەمڕۆ دوای هەشت ساڵ لە دابڕان و پەرتەوازەیی، حزبە كوردستانییەكان لە كەركوك كۆبوونەوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە ناكۆكییەكان بهێنن و بەرەیەكی یەكگرتوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كورد و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان لەو پارێزگایە پێكبهێنن.

ئامانجی كۆبونەوەكە،هەوڵدان بوو بۆ یەكڕیزیی ناوماڵی كورد لە كەركووك و تێپەڕاندنی ناكۆكییەكانی رابردوو،هەروەها گفتوگۆكردن لەسەر بارودۆخی گشتیی پارێزگاكە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییان،دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ چۆنێتیی كاری پێكەوەیی لایەنە سیاسییەكان لە داهاتووی شارەكەدا و چارەسەركردنی ئەو كێشە و ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی پێگەی كورد لە كەركووك دەبنەوە.

ئەم هەنگاوە لە كاتێكدایە كە زیاتر لە هەشت ساڵە حزبە كوردستانییەكان لە كەركوك لەیەك دابڕاون و پێشتر لیستی برایەتی كە نوێنەرایەتی لایەنە كوردییەكانی دەكرد هەڵوەشاوەتەوە، ئەوەش وایكردبوو كورد بە پەرتەوازەیی و بە لیستی جیا جیا بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكات و نەتوانن فڕاكسیۆنێكی یەكگرتوو پێكبهێنن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو