تا ئێستا نزیكەی 45 هەزار هاوبەش قەرزی كۆنی پێش دەستپێكردنی پڕۆژەی رووناكییان داوەتەوە و سەعاتەكانی كاركردنیش لە هۆبەكانی فرۆشیاری وزە زیادكراون بۆ ئەوەی كاروباری هاوبەشان جێبەجێبكرێن.
بەپێی ئەو داتایەی كە پڕۆژەی رووناكی بڵاویكردووەتەوە، داشكاندن بۆ قەرزی كۆنی كارەبا بەپێی جۆری هاوبەشەكان دیاریكراوە، بەشێوەیەك سەدا 50ی داشكاندن بۆ هاوبەشانی ماڵان و كشتوكاڵ دەكرێ، سەدا 25ی داشكاندن بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری دەكرێ (جگە لەو هاوبەشانەی فیدەری تایبەتیان هەیە).
پڕۆژەی رووناكی دەڵێت، ئەمە دوایین داشكاندنی ناوازە دەبێت و تا ئەو ماوەیەی دیاریكراوە كە 10ی ئەیلوولە دەتوانن قەرزەكانیان بدەنەوە و چیتر ئەو ماوەیە درێژناكرێتەوە. لەراگەیەندراوەكە هۆشداری دراوەتە هاوبەشانی كارەبا و تێیدا هاتووە: هاوبەشان دەبێت بەردەوام بن لە پارەدانی پسوولەی مانگانەی رووناكی لە 50 رۆژدا، ئەگینا لە رێی سیستمی خۆكارەوە كارەبایان دەبڕدرێت.
بڕی لێخۆشبوونی حكومەت لە قەرزی كۆن گەیشتووەتە نزیكەی 10 ملیار دینار،دابەشبوونی بڕی لێخۆشبوون لەسەر ئاستی پارێزگاكان تا ئێستا بەم شێوەیەیە: هەولێر: سێ ملیار و 500 ملیۆن ملیار دینار،سلێمانی سێ ملیار و 500 ملیۆن ملیار دینار،دهۆك دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار و هەڵەبجەش 100 ملیۆن دینارە.بەپێی تیمی پرۆژەی رووناكی، ئەو كەسانەی فیدەری تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەو قەرزە نایانگرێتەوە، كە زۆرتر كارگە و كۆمپانیا گەورەكان دەگرێتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە قەرزی كەڵەكەبووی هاوبەشانی كارەبا (پێش پرۆژەی رووناكی) زیاتر لە یەك ترلیۆن و 900 ملیار دینار بووە، كە نیوەی ئەو قەرزە لەلای هاوبەشانی ماڵانە.