فالح ساری وەزیری دارایی عیراق ،بە رەسمی داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كرد لە نزیكترین دانیشتندا میوانداریی بكەن، بە مەبەستی خستنەڕووی دۆخی ئابوریی وڵات.
بەپێی نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی، فالح ساری وەزیری دارایی عیراق بە رەسمی داوای لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە، لە نزیكترین دانیشتندا میوانداریی بكەن، بە مەبەستی خستنەڕووی دۆخی دارایی و ئابووریی وڵات و روونكردنەوە لەسەر گرنگترین ئەو ئاڵنگارییانەی روبەڕووی دارایی گشتی بوونەتەوە، لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە ناوچەیییەكانی ئێستا روودەدەن.
وەزیری دارایی، دووپاتی كردووتەوە، داواكارییەكەیان بۆ میوانداریكردنی لە پەرلەمان لە سۆنگەی پەرۆشیی وەزارەتەكەیانەوەیە بۆ ئاگاداركردنەوەی نوێنەرانی گەل لە دۆخی ئابووری وڵات و نیشاندانی وێنەی راستەقینەی دۆخی ئابووری.
هاوكات، وەزیری دارایی دەیەوێت لە دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران، باس لەو رێكارانە بكات، كە وەزارەت گرتوویەتیەبەر بۆ دەستەبەركردنی جێبەجێكردنی پابەندبوونییە سەرەكییەكانی دەوڵەت و بەردەوامیدان بە بەرنامەكانی چاكسازیی دارایی و كارگێڕی.