بۆچی باشترە خانمان لەگەشتەكانیان زێڕەكانیان لەگەڵ خۆیان نەبەن؟

کوردستان 03:13 PM - 2026/08/03

رێنمایی بەگەشتیارانی عیراق دەدرێت كەلەكاتی گەشتەكانیان كەمتر زێڕ وەك خشڵی جوانكاری لەگەڵ خۆیانن ببەن، چونكە ئێستا لەعیراق بەهۆی بەردەوامی هەڵمەتی دەستگیركردنی گەندەڵكاران لەفڕۆكەخانەكان بەشێوەیەكی زۆر ورد چاودێری (بڕی پارە و زێڕ) دەكرێت، ئەو گەشتیارانەی بڕێكی زۆریان پێبێت، گومانیان لێدەكرێت و لێكۆڵینەوەی وردیان لەگەڵ دەكرێت، رەنگە ببێتە هۆكاری دەست بەسەرداگرتنی پارە و زێڕەكانیان و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەكانیان.

ئێستا لە فڕۆكەخانەكانی عیراق بەوردی چاودێری گەشتیاران دەكرێت سەبارەت بە بردنەدەرەوەی زێر بۆدەرەوەی وڵات.

 بەپێی زانیارییەكان لەهەریەكە لە فڕۆكەخانەی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی و فڕۆكەخانەی هەولێر بەتوندی رێگری لە بردنە دەرەوەی زێر دەكرێت لەلایەن گەشتیارانەوە، بۆ خانمان رێگەدەدرێت بڕی 35 مسقاڵ زێڕ وەك خشڵی جوانكاری لەكاتی گەشتەكانیان لەگەڵ خۆیان ببەن، بەپێچەوانە زیاتر لەو بڕە دەستی بەسەردا دەگیرێت و وەك بازگانیكردن هەژمار دەكرێت. 

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كۆمپانیایانەی بەشێوەیەكی یاسایی و بەمۆڵەت كاری كڕین و فرۆشتن و هێنانی زێڕ دەكەن رێگەیان پێدەدرێت زێڕ هاوردە و هەناردە بكەن، بەڵام ئەویش لەژێر چاودێری وردا دەبێت.

بەپێی یاسای ساڵی 1976ی عیراقی، ژنان دەتوانن تاوەكو 35 مسقاڵ زێڕ بۆ وەك خشڵی جوانكاری لە گەشتەكانیاندا بەخۆیانەوە بكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو