چوارچێوەی هەماهەنگی: رێگە نادەین عیراق بكرێتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە دەرەكییەكان

عیراق 01:17 PM - 2026/07/30


دوای هێرشەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و سعودیە بۆ سەر چەند پارێزگایەكی عیراق، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجامدا و تێیدا هێرشەكانی واشنتۆن و ریازی بۆ سەر خاكی عیراق بە پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەریی وڵات ناوبرد.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، عەلی فالح زەیدی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆشكی حكومەت میوانداری كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی كرد. كۆبوونەوەكەش تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی لێكەوتەكانی ئەو هێرشانەی كە لە لایەن ئەمریكا و سعودیە ئاراستەی خاكی عیراق كراون. لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، چوارچێوەی هەماهەنگی ئیدانەی ئەو هێرشانەی كرد كە بوونە هۆی كوژران و برینداربوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی هێزەكانی حەشدی شەعبی. ئاماژە بەوەشكراوە كە ئەم هێرشانە پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەریی خاكی عیراق و پیرۆزییەكانیەتی، هەروەها بە تەواوی دژی یاسا نێودەوڵەتییەكان‌و پەیمانی نەتەوە یەكگرتووەكانە.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوەكەدا سەرسوڕمانی خۆی لەم هێرشانە دەربڕیوە و ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەتی عیراق سیاسەتێكی دەرەكی هاوسەنگی گرتووەتەبەر و هەوڵی بنیاتنانی باشترین پەیوەندی داوە لەگەڵ دراوسێكانی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دووپاتیشی كردەوە، لە ژێر هیچ بارودۆخێكدا دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی وڵات قبوڵكراو نییە و گۆڕینی عیراق بۆ گۆڕەپانی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانیش بە هەموو شێوەیەك رەتدەكرێتەوە. هۆشداریش درا لەوەی ئەم هێرشانە نەك تەنها خزمەت بە كەمكردنەوەی گرژییەكان ناكەن، بەڵكو دەبنە هۆی ئاڵۆزكردنی دۆخی ناوچەكە.
لە راگەیەندراوەكەدا، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، چوارچێوەی هەماهەنگی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری شەهیدانی حەشدی شەعبی دەكات و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەكان دەخوازێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو