ئاگرێكی گەورە لە سێ كۆگای هەولێر كەوتەوە

کوردستان 01:11 PM - 2026/07/30

بەیانی ئەمڕۆ، لە شاری هەولێر، بەدیاریكراوی لەسەر رێگای هەولێر- كەركوك، ئاگر لە سێ كۆگای ڕۆن‌و پێداویستی ئۆتۆمبێل كەوتەوە، یەكێك لە كۆگاكانیش پێشانگای ئۆتۆمبێلی گەورە بووە.
بەپێی زانیاریەكانی پەیامنێرمان، ئاگرەكە لە سەعات هەشت‌و 30 دەقیقەی بەیانی ئەمڕۆ كەوتووەتەوە و تائێستا كۆنتڕۆڵ نەكراوە، هەر بەپێی زانیارییەكان خۆشبەختانە ئاگرەكە هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە‌و ئەوەی هەیە تەنها زیانەكان ماددین. هەر بەپێی زانیارییەكان، چەند كەسێك بەهۆی تەنگە نەفەسییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون.
پەیامنێرمان باسی لەوەشكردووە، بڕێكی زۆر لە رۆن و كەلوپەلی ئۆتۆمبێل‌و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی گەورە لەو كۆگایانەدا بوون، ئەمەش وایكردووە ئاگرەكە خێراتر تەشەنە بسەنێت و كۆنتڕۆڵكردنی قورس بێت.
لای خۆشییەوە شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر راگەیاند، بەهۆی بای بەهێزەوە، ئاگرەكە زیاتر تەشەنەی سەندووە، ئەمەش وایكردووە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكردنی قورس بێت، راشیگەیاند، ئەمڕۆ لە یەك كاتدا لە 10 شوێنی هەولێر ئاگر كەوتۆتەوە‌و تیمەكانیان سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەن. شاهید حاڵانیش باسلەوەدەكەن، هۆكاری ئاگرەكە بەهۆی سوتاندنی پوش و پاوانی نزیك لە كۆگاكانەوە بووە‌و بەهۆی بای بەهێزەوە ئاگرەكە تەشەنەی كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو