وتەبێژی حكومەتی ئێران زیانە بەركەوتووەكانی كەرتی وزەی وڵاتەكەی بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكاوە ئاشكرا دەكات و دەڵێت، بەرهەمهێنانی غاز 230 ملیۆن مەتر سێجا كەم بووەتەوە و ئێستا رۆژانە 100 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنن.
وتەبێژی حكومەتی ئێران، لەبارەی زیانەكانی جەنگ و پێویستیی وڵاتەكەی بە دراوی بیانی وتی، هێرشەكانی ئەمریكا بە ئامانجی كەمكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی وڵات بوو، سەرەڕای ئەو زیانانەی بەهۆی جەنگەوە بەریان كەوتوون، ئێستا رۆژانە لە وڵاتەكەمان 100 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیان بە دراوی بیانی هەیە بۆ دابینكردنی بەنزینی هاوردە، دابینكردنی كەلوپەلی سەرەتایی و دەرمان و كەرەستەی خاو بۆ ناوەندەكانی بەرهەمهێنان.
موهاجەرانی لەبارەی كاریگەریی كەمبوونەوەی سووتەمەنی لەسەر وێستگەكانی كارەبا دەڵێت، ئەم كەمكردنەوەیە لە بەرهەمهێنانی غاز و بەنزین، كاریگەری لەسەر سەرچاوەی پاڵاوگەكان و دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا هەبووە و وتیشی، لە كاتی جەنگی سەپێنراودا بەشێك لە توانای بەرهەمهێنانی غاز لە وڵاتەكەیان لەدەستدا، نزیكەی 230 ملیۆن مەتر سێجا توانای بەرهەمهێنانی غازمان كەم كرد، ئەم كەمكردنەوەیەش كاریگەری لەسەر سەرچاوەی پاڵاوگەكان و سووتەمەنیی وێستگەكانی كارەبا هەبووە، بۆیە ئەم بابەتە پرسێكی جددییە لای ئەوان.