وەزارەتی كارەبا وادەی جێبەجێكردنی داشكاندن بۆ قەرزی كارەبا رادەگەیەنێت

کوردستان 02:37 PM - 2026/07/28

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم داشكاندنی لەسەدا 50 بۆقەرزی كۆنی كارەبا دەكات وبەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبا، بڕیارەكە تەنها قەرزەكانی پێش پڕۆژەی ڕووناكی دەگرێتەوە و پارەی پسووڵەكانی ڕووناكی ناگرێتەوە و زیاتر لە یەك مانگ بەردەوام دەبێت. 

ئاماژەی بەوەشداوە،هاوبەشان بۆ ئەوەی سوودمەند بن لەم بڕیارە، دەبێت بەیەكجار تەواوی بڕی قەرزە داشكێندراوەكە بدەن وڕێژەی داشكاندنەكە  لەسەدا 50 بۆ سەرجەم هاوبەشانی ماڵان و كشتوكاڵی دەبێت، لە رۆژی 3ی ئاب دەست بەجێبەجێ كردنی دەكرێت و تا رۆژی 10ی ی ئەیلول بەردەوام دەبێت.

 وەزارەتی كارەبا ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەمەبەستی ئامادەكارییە تەكنیكییەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە، لە نێوان 30ی تەمموز بۆ 3ی ئاب خزمەتگوزاریی پارەدان لەڕێگەی ئی-پسوولە و هۆبەكانی فرۆشتنی وزەوە بەردەست نابێت، بۆیە داواكارە پێش ئەو بەروارە هاوبەشان پارەی پسوولەكانی ڕووناكی بدەن. 

هاوكات تەئكید لەوەشدەكاتەوە كە ئەم داشكاندنە یەكجارییە و پارەدان لەڕێگەی كارمەندانی كۆكەرەوەی پارەی پسوولەی كارەبا ناگرێتەوە و خێراترین ڕێگەش بۆ خۆپاراستن لە قەرەباڵغی بەكارهێنانی سیستمی ئی-پسوولەیە.

 لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەگەڵ نزیكبوونەوە لە تەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناكی و كۆتاییهێنان بە قەرزە كۆنەكان، پێویستە هاوبەشان پابەندی دانەوەی قەرزەكانیان بن  ئامانج لەم بڕیارەش هاوكاریكردنی ئەو كەسانەیە كە قەرزێكی زۆریان لەسەر كەڵەكە بووە. لە قۆناغی داهاتوودا سیستمی 50 ڕۆژ بۆ پارەدانی پسوولەكان وەك میكانیزمێكی دادپەروەرانە بۆ هەمووان جێبەجێ دەكرێت .

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو