تەندروستیی ئێران: لە هێرشەكانی ئەمدواییەی ئەمریكادا 60 كەس كوژراون

عیراق 02:46 PM - 2026/07/28

وەزیری تەندروستیی ئێران نوێترین ئاماری زیانی گیانی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمدواییەی ئەمریكای بۆ سەر وڵاتەكەی راگەیاند و دەڵێت، لە كەمتر لە دوو هەفتەدا 60 كەس كوژراون و 670 كەسی تریش برینداربوون.

رۆژی 7ـی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، كۆتاییهاتن بە ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تارانی راگەیاند، دواتر بۆردوومانەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران و لەبەرامبەردا هێرشی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە دەستیانپێكردەوە و بۆ ماوەی 13 رۆژ بەردەوام بوون. رۆژی شەممە دۆناڵد ترەمپ راگرتنی هێرشەكانی وڵاتەكەی راگەیاندەوە ئەوەش بە مەبەستی دەرفەتدان بە گفتوگۆی دیپلۆماسی.

لەبارەی نوێترین ئاماری زیانی گیانی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمدواییەی ئەمریكا بۆسەر ئێران، محەمەد رەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستی ئێران، لە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە وەزارەتەكەی رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر ناوچەكانی باشووری ئێران لە ماوەی 10 تاوەكو 12 رۆژی رابردوو، 60 كەس كوژراون و 670 كەسی تریش بریندار بوون.

لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری تەندروستیی ئێران ئاماژەی بە بۆردوومانكردنی خوێندنگەی "شەجەرەی تەییبە" لە شاری مینابی كرد و وێڕای ئیدانەكردنی ئەو كارە ئەو هێرشەی وەك تاوانێك دژی منداڵان و مرۆڤایەتی وەسفكرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو