دەروازەی عەبدەلی دوای سێ رۆژ لە داخستنی بەهۆی هێرشێكی درۆنییەوە، جارێكی تر جموجۆڵی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاران لە دەروازەی سەرەكیی وشكانیی نێوان كوەت و عیراق دەستیپێكردەوە.
ئاژانسی هەواڵی رەسمی عیراق لە زاری دەستەی دەروازە سنوورییەكانەوە بڵاوی كردەوە، رۆژی یەكشەممە دەروازە سنوورییە وشكانییە سەرەكییەكەی نێوان هەردوو وڵاتی كوێت و عێراق بە رەسمی كرایەوە. ئەم هەنگاوە دوای جێگیربوونی بارودۆخی ئەمنی و تەواوبوونی ڕێكارەكان دێت دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێك هاتوچۆ تێیدا پەككەوتبوو.
سوپای كوەیت پێشتر ڕایگەیاندبوو ،دەروازەی سنووریی عەبدەلی بە شێوەیەكی كاتی داخراوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات كە رۆژی پێنجشەممە هێرشێكی درۆنی كرایە سەر دەروازەكە و بووە هۆی درووستبوونی زیانی ماددی لە ناو ژێرخانی دەروازەكەدا.
دەروازەی عەبدەلی كە دەكەوێتە پارێزگای جەهرا لە باكووری كوەیت، وەك ڕێڕەوێكی ستراتیژی و سەرەكی بۆ هاتوچۆی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان كوەیت و عیراقدا دادەنرێت. تا ئێستا بە رەسمی رانەگەیەندراوە كە چ لایەنێك ئەو درۆنانەی ئاراستە كردووە و لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەكە بەردەوامن.