تمەن نزمترین ئاستی خۆی لە مێژوودا تۆماركرد

عیراق 10:06 AM - 2026/07/19

نرخی تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی نزمترین ئاستی مێژوویی تۆماركرد، ئەوەش دوای بەردەوامیی گرژییە سەربازییەكانی 24 سەعاتی رابردوو.
ڕۆژی یەكشەممە، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن بەراورد بە رۆژی شەممە، 4,100 تمەن بەرزبووەوە، كە دەكاتە ڕێژەی 2.14% و نرخی یەك دۆلار گەیشتە 195,250 تمەن. بەپێی ئامارەكان، بەرزترین نرخی دۆلار لە 24 سەعاتی ڕابردوودا 195,350 تمەن بووە. بەهای دۆلار بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو 8.62% و بەراورد بە شەش مانگی ڕابردوو 34.19% بەرزبووەتەوە.

ڕۆژی شەممە كە یەكەم ڕۆژی مامەڵەكان بوو لە تاران، نرخی دۆلار بە بازدانێكی 5,000 تمەنی دەستیپێكرد. ئەم ناسەقامگیرییە هاوكاتە لەگەڵ حەوتەم ڕۆژی پێكدادانی سەربازیی نێوان ئێران و ئەمریكا و هێرشكردنە سەر ژێرخانە ستراتیژییەكان. ئاڵۆزیی كەشی سیاسیی ناوچەكە و نیگەرانییەكان لەبارەی ئاسایشی گەرووی هورمز، وایكردووە چاوەڕوانییەكانی هەڵاوسان لە بازاڕی دراودا بەرزببێتەوە.
بازرگانانی دراو ئاماژە بەوە دەكەن كە خواست بۆ كڕینی دۆلار زۆر زیاترە لەو بڕەی دەخرێتە ڕوو. بەهۆی نیگەرانی لە داهاتووی گرژییەكان، ئەو كەسانەی دۆلاریان لایە ئامادە نین بیفرۆشن، ئەوەش وایكردووە دۆلار بەبێ بوونی بەربەست ئاستی 195,000 تمەن تێپەڕێنێت. هاوكات بەرزبوونی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكان مەترسییە جیۆپۆلەتیكییەكانی زیاتر كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو